شەوی رابردوو، گرووپێکی چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە گوندی کەشکەهۆڵ لە باشووری ناحیەی جەلەولا کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای دیالە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی پارێزگای دیالە بە میدیا خۆجێیەکانی راگەیاند، ئەمشەو گرووپی چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لە باشووری ناحیەی جەلەولا و رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەنێوانیان دروست بوو، کە لە ئەنجامدا دوو ئەندامی سەربە هێزەکانی حەشدی شەعبی کوژران.
ماوەی چەندین مانگە لە عێراق جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیادیکردووە بەتایبەتی لە سنووری ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەرپرسانی پێشمەرگەش دەڵێن بەهۆی نەبوونی هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکان و بوونی بۆشایی ئەمنی، داعش لەچەند ناوچەیەکدا جموجۆڵەکانی زیادکردووە و زیانی بە هێزە ئەمنییەکان گەیاندووە.