چەند بڕیارێکی گرنگ لەبارەی سیستەمی غازی شل دەرکرا
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • چەند بڕیارێکی گرنگ لەبارەی سیستەمی غازی شل دەرکرا

چەند بڕیارێکی گرنگ لەبارەی سیستەمی غازی شل دەرکرا

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
چەند بڕیارێکی گرنگ لەبارەی سیستەمی غازی شل دەرکرا
0

لایک

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى رەزامەندى بەرگرى شارستانى، نابێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 2022/11/21، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار، یەکەمین کۆبوونەوەى تایبەت بە پێداچوونەوە بە سیستمی شۆفاژ لە شوێنە گشتیەکان و ماڵان و بە کارهێنانى غازی (ئێڵ پی جی) ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر پارێزگارى هەولێر، ئاماژەى بە رووداوە نەخوازراوەکەى رۆژی پێنجشەممە 2022/11/17ی شاری سلێمانیداوە بە کارەساتێکى ناخهەژێن وەسفیکردووە و گوتەیەتی: “لە زووترینکاتدا پێداچوونەوە و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو شوێنان بکرێت، کە ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن و جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە هەموو ئەو ماڵ و شوێنانەى کە ئەو سیستەم دادەنێن، دەبێت بە ئاگاداری بەرگرى شارستانیى و بە کەلوپەلی ستانداردى جیهانى و لەلایەن کۆمپانیایى مۆڵەتدرا و کەسانی شارەزا و ئەندازیاری باوەڕپێکراوەوە دابنرێت”.

لە کۆبووەنەوەکەدا ئەم بڕیارانە دراون:

یەکەم/ هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتییان لە چۆنیەتى بەکارهێنانى سیستەمى غازی ئێڵ پی جی و شۆفاژ و مەترسیەکانى دانانى ئەو سیستەمە لەلایەن کەسانى بێ مۆڵەت و ناشارەزا.               

دووەم/ چاودێریكردنى سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەى کە سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر دەکەن. 

سێیەم/ هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى بەرگرى شارستانى نابێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیربکات، ئەوانەشى لە ئێستادا ئەو کارە دەکەن دەبێت لەماوەى یەک مانگ سەردانى بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى هەولێر بکەن.

چوارەم/ بنكه‌كانى به‌رگرى شارستانى پێداچوونەوە بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن.

پێنجەم/ لیژنەکانى (قایمقامیەت، شارەوانى، بەرگرى شارستانى و نەوت و کانزاکانى هەولێر) چاودێرى هەموو شوێنەکان دەکەن کە ئەو سیستەمەیان بۆ دانراوە.

شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر چاودێرى ئەو بەنزینخانانە دەکات کە سیستەمى غازی (ئێڵ پی جی)یان بۆ ئۆتۆمبێل دادەناوە، دەبێت خاوەنى بەنزینخانانەکانیش لەماوەى دوو هەفتەدا سەردانى بەڕێوەبەرایەتى ناوبراو بکەن بۆ وەرگرتنى ڕێنمایی نوێ.

حەوتەم/ دانانى لیژنه‌یه‌ك بۆ پێداچوونەوە و دانانى مەرجى زانستى لەنزیکترین کاتدا.

هەشتەم/ پارێزگاى هەولێر لەڕێگەى کۆلێژى ئەندازیاریى زانکۆى سەڵاحەدین کۆنفرانسێکى زانستى تایبەت بەسیستەمی غازی (ئێڵ پی جی) و شۆفاژ و دوورخستنەوە مەترسیەکانى لەسەر گیانى هاونیشتیمانیان ئەنجامدەدات.

نۆیەم/ دەرچواندنى چەند فەرمانێک لەنزیکترین کاتدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەبارەى سیستەمی غازى ئێڵ پی جی و شۆڤاژ.