لەجیهاندا مرۆڤگەلێکی زۆر هەن لەژیانیاندا پەیوەست بە شتێک بوون و ناتوانن دەستبەداری بن. لەم هەواڵە چیرۆکی کەسێکی جیاواز باس دەکەین کە لە ژیانیدا هۆگری دوو شت بووە و بووەتە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی ئەو کەسە، هەروەها خولیایەکانی جیاوازی کردووەتەوە لە هاوتەمەنەکانی خۆی.
حاجی عەلی تەمەن ٧٤ ساڵان بەرگدوورێکی قەیسەری شاری هەولێر(ئەربیل)ـە، ئەگەر چی بەتەمەن پیرە بەڵام بەو حەزو خولیایانەی کە هەیەتی لەژیان لە گەنجێک دەچێت، ناوبراو دوو خولیای هەیە کە جیاوازی دەکاتەوە لە هاوتەمەنەکانی خۆی ئەوانیش؛ خولیا و خۆشویستنی فەرید ئەترەش هونەرمەندی کۆچکردووی سووریا و خۆشەویستی لە رادەبەدەری بۆ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیە.
حاجی عەلی وەک خۆی باسی لێوە دەکات، لەدایک بووی ساڵی ١٩٤٨ـە و لە منداڵییەوە دەستی بە گوێگرتنی هونەرمەند فەرید ئەترەش کردووە و تا ئەمرۆش رۆژانە گوێ لە هونەرمەندی ناوبراو دەگرێت، حاجی عەلی بەجۆرێک هۆگری هونەرمەند فەرید ئەترەش بووە کورە گەورەکەی ناولێناوە فەرید تەنها لە خۆشەویستی بۆ ئەو هونەرمەندە.
وەک هەفتەنامەی تەبا بۆ قسەکردن لەگەڵ حاجی عەلی و گفتگۆ لەبارەی خولیا جیاوازەکانی ناوبراو چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵی ئەنجامدا و لەبارەی خولیای یەکەمی کەوەک خۆی باسی لێوەدەکات بەگوێگرتن لە فەرید ئەترەش چێژ لەم ژیانە وەردەگرێت و ئاماژەی بەوەدا، “هەر مرۆڤێک لە ژیانیدا جۆرە حەز و خولیایێکی هەیە کە بەو خولیایەی دەتوانێت چێژ لە ژیانی ببینێت، حەزی منیش لەم ژیانە تەنها دوو شتە یەکەمیان خۆشەویستی لە رادەبەدەرم بۆ هونەرمەندی دیاری سووری فەرید ئەترەش، دووەمیان چێژ وەرگرتن لە سەیرکردنی یاری تۆپی پێ و لایەنگری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیە”.
شایەنی باسە لەبارەی سەرەتای هۆگربوونی بە دەنگی فەرید ئەترەش، حاجی عەلی ئاماژەی بەوەکرد، “خۆشویستنی من بۆ هونەرمەند فەرید ئەترەش لە ساڵی ١٩٥٨ دەستیپێکرد و لەمنداڵیەوە کاتێک تەمەنم ١٠ ساڵان بوو هەموو کات گۆرانییەکانم دەوتەوە، هەموو رۆژ هەواڵەکانم دەخوێندەوە بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر ئەم هونەرمەندە بە دەستبهێنم، لەو کاتەدا هەواڵی هونەری هەبوو لە وێستگەی “دەنگی عەرەب” و هەموو رۆژ گوێم لەو گەشتی هەواڵە هونەرییە دەگرت، رۆژانە هەواڵەکە باسی لەوە دەکرد هونەرمەند فەرید ئەترەش ئەمڕۆ ئاهەنگی لە سووریا هەیە یاخود دەیگوت بەیانی ئاهەنگی لە میسر هەیە”.
شایەنی باسە حاجی عەلی ناوی کورێکی خۆی بەناوی هونەرمەند فەرید ئەترەش ناوە و ئاماژەی بەوەکرد، “لە خۆشەویستیم بۆ ئەم هونەرمەندە ناوی کورێکم ناوە فەرید، کاتێک منداڵێکی کورم بوو زۆر دڵم خۆشبووم تەنها بۆ ئەوەی ناوی بنێم فەرید. زۆربەی هەرە زۆری ئەو ئاهەنگانەی کە فەرید ئەترەش ئەنجامی داوە بە کاسێت لەلام بوونی هەیە و رۆژانە گوێی لێدەگرم و لەگەڵی دەیڵیمەوە”.
چیرۆکێکی تری حاجی عەلی لە خۆشەویستی بۆ هونەرمەند فەرید ئەترەش ئەوەیە کە تەنها بۆ ئەوەی گۆڕی هونەرمەندی ناوبراو ببینێت، سەردانی قاهیرەی پایتەختی میسری کردووە و لەوبارەیەوە رایگەیاند، “بەجۆرێک هۆگری ئەم هونەرمەندە بووم، لەهەولێرەوە بەرەو قاهیرەی پایتەختی میسر گەشتم کرد تەنها بۆ ئەوەی گۆڕی هونەرمەند فەرید ئەترەش ببینم، پارەیەکی زۆرم خەرج کرد بۆ ئەوەی بگەم بە گۆڕی هونەرمەند، کاتێک گەیشتم و گۆڕەکەم بینی یەکێک لەخەونەکانم هاتەدی”.
لەلایەکی دیکە سەیرکردنی یاری تۆپی پێ و لایەنگری یانەیەک بەگشتی گەنجەکان هۆگری دەبن، بەڵام حاجی عەلی تەمەن ٧٤ ساڵان ئەو رێچکەیەی شکاندووە و بەوتەی خۆی یەکێک لە خۆشییەکانی ژیانی سەیرکردنی یاری تۆپی پێیە بە تایبەتی یاری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، حاجی عەلی لەو بارەیەوە بە رۆژنامەی تەبای راگەیاند، “یەکێکی دیکە لەو حەزو خولیایەی کە لەژیاندا هەمە سەیرکردنی یاری تۆپی پێ و لایەنگری یانەی ریال مەدریدە، بەجۆرێک لایەنگری یانەی ریال مەدریدم بۆ ماوەی چەندین ساڵە هیچ یاریەکی یانەی ریال مەدرید نەبووە لەدەستم بچێت و سەیری هەموو یاریەکانم کردووە، ناوی هەموو یاریزانەکانی یانەکە دەزانم و زانیاریم لەسەر تەواوی یەنەکە هەیە”.
حاجی عەلی هەر لەبارەی خولیای سەیرکردنی یاری تۆپی پێ ئاماژەی بەوەدا، “سەیری زۆربەی یارییەکانی تۆپی پێ دەکەم، بەڵام بە گشتی یاری یانەی ریال مەدرید و هیچ یارییەکەم لەدەست ناچێت. ئەم ساڵ کە ریال مەدرید بووە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و خولی ئیسپانی زۆر دڵخۆش بووم. هەر وەکو باسم کرد دڵم تەنها بە دوو شت دەکرێتەوە؛ گوێگرتن لە گۆرانیەکانی فەرید ئەترەش و سەیرکردنی یاری یانەی ریال مەدرید. من پێم وایە دەبێت هەموو کەسێک حەز و خولیایێکی هەبێت تا بتوانێت چێژ لە ژیانی وەربگرێت و بە دڵخۆشی بژیت”.