بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەکتریای سالمۆنێللا بەرێگەی کیندەر سورپرایز کە لەلایەن کۆمپانیای شۆکۆلاتەی فێرێرۆ بەرهەم دەهێندرێت، لە 12 وڵاتی جیاوازدا بەلایەنی کەمەوە 324 کەس تووشی بەکتریاکە بوونە. نەخۆشییەکە زیاتر کاریگەریی بەسەر ئەوانەوە هەبوو کە تەمەنیان لە 16 ساڵ کەمترە. نیوەی ئەو ژمارەیە بەهۆی سەختی نەخۆشییەکانیانەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ناوەندی رێگریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەورووپا ئاماژەی بەوەکرد کە ئینگلتەڕا زۆرترین حاڵەتی تێدا تۆمارکراوە کە ژمارەکەی 102 حاڵەتە و دوای ئەو فەڕەنسا لە پلەی دووەم دایە و 73 کەس تووشی بەکتریای سالمۆنێللا بووە.
لەبەلجیکا بەلایەنی کەمەوە 62 کەس تووشبووە، لەبەرامبەردا لە ئەڵمانیا 15 و لە ئیرلەندا 15 کەس تووشبووە. لە سویسڕا 41 کەس، جگە لەمانە؛ بەکتریاکە لە هۆڵەندا، نەمسا، دێنمارک، لوکسەمبورگ، سوید، ئیسپانیا ونەرویج بڵاوبووەتەوە و حاڵەتی لێ تۆمارکراوە.
کیندەر روونکردنەوەی دا
لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانی بۆ رۆژنامەی لو پاریسیان، نیکۆلاس نەیکۆڤ، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای فێرێرۆ لە فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا کە بەکتریاکە لە کارگەی ئارلۆن لە بەلجیکا دەرکەوتووە و لە فیلتەرێکی ئامێری دروستکردنی شۆکۆڵاتەکە هاتووەتە ناو بەرهەمەکان.
دوابە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، تەنها لە فەڕەنسا زیاتر لە 3 هەزار تەن بەرهەمی کیندەر لە بازاڕەکان کێشرابوویەوە.