شەوی رابردوو، لەمیانی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، داوا لە هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرا بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاریبکەن.
لە بەیاننامەیەکدا چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاویکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، “لەمیانی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشداریکردنی سەرکردەی حیزب و کوتلە سیاسییەکاندا چەندین پرسی گرنگ و دواهەمین بەرەوپێشچوونەکانی گۆڕەپانی سیاسی و پێکهێنانی کوتلەیەکی گەورەی نوێنەران و گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق و چۆنییەتی خزمەتکردنی گەلی عێراق بە گشتی و دیاریکردنی پرۆژەی حکومەت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بێلایەن و دیاریکردنی سەرۆکوەزیران و وەزارەتەکان تاوتوێکران”.
ئەوەش هاتووە، “گرنگیدان بە ئازادی پڕۆسەی سیاسی لەکاتی پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای هەبێت بەبێ جیاوازی داواکاریی هەموو تاکێکی عێراقی جێبەجێبکات”.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، “داوا لە لایەنە کوردییەکان دەکەین یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن بۆ دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەکانیان دەستەبەر بکات”.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە 4ـی تەمووز، محەمەد سەیهود، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نووری مالیکی سەرۆکی کوتلەی دەوڵەتی یاسا و سەرۆکوەزیرانی پێشوو، دووبارە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید کردووە.