چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە لایەنگرانی کردووە رۆژی هەینی داهاتوو لە شوێنی خۆپیشاندانی پێشوویان لە ناوچەی جادرییە لە بەغداد لەژێر دروشمی “گەل دەوڵەت دەپارێزێت و دژی هەوڵەکانی شێواندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەبێت” لە پێناو بەرگریکردن لە دامەزراوە یاسایی و دادوەرییەکانی دەوڵەت و خێراکردنی پێکهێنانی حکومەت، خۆپیشاندان بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئابی 2022، چوارچێوەی هەماهەنگی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیەکان داوای لە لایەنگرانی کرد رۆژی هەینی خۆپیشاندان بکەن. لە راگەیێندراوێکدا بە ناوی لێژنەی رێکخستنی پشتیوانیکردنی لە شەرعیەت و پارێزگاریکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئاماژە بەوەکراوە، “لە باوەڕبوونمانەوە بە پێویستی وەستان لەگەڵ هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەکانی بەرگریکردن لە دامەزراوە یاسایی و دادوەرییەکانی دەوڵەت و لە پێناو خێراکردنی پێکهێنانی حکومەتی خزمەتگوزاریی نیشتمانی دەسەڵات تەواو کار بۆ رووبەڕووبونەوەی قەیران و رکابەرایەتییەکان بکات، بەتایبەت قەیرانەکانی کارەبا و ئاو و ئاستەنگی بژێوی کە باری هاووڵاتییانی گران کردووە.. داوا لە هەموو رۆڵەکانی گەلی عێراق دەکەین بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی “گەل دەوڵەت دەپارێزێت” بکەن کە لە لای شووراکانی ناوچەی سەوز دەبێت”.
جەخت لەوەشکراوەتەوە، “لە رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەر زێدەڕۆییەک بۆ سەر شێوە شارستانییەتەکەی هەموو خۆپێشاندانەکانمان و پابەندبوونی ئاستبەرز بە رێنماییەکانی لێژنەی رێکخەر کە لە پێشەوەیاندا هاوئاهەنگی تەواو دێت لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی راسپێردراو بە پاراستنی خۆپیشاندانەکان”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە رۆژی 30ی تەمووز لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر چوونە ناو بینای پەرلەمانی عێراق و رێگەیان بە کۆبوونەوەی پەرلەمان نەدا.