ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی حکومەتێکی سەدری قبوڵ ناکات و داوایان کردووە سەرۆکوەزیران لەرێگەی گەورەترین فراکسیۆنی شییعەکانەوە دیاری بکرێت. دەشڵێت، “هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی رەتدەکەنەوە”.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی شەرقییە ئاماژەی بەوەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی حکومەتێکی سەدری قبوڵ ناکات.
ئەوەشی وت، چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت سەرۆکوەزیران رێبەری رەوتی سەدر دیاریبکات و لەرێگەی گەورەترین فراکسیۆنی شیعەکانەوە پشتیوانی لێبکرێت.
باسی لەوەشکرد، ناکۆکییەکانیان لەگەڵ رەوتی سەدر لەسەر نوێنەرایەتی و پۆستە سیاسییەکانە، بەتایبەت کە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ڤیتۆی لەسەر بەشداریکردنی نوری مالیکی لە حکومەتدا هەیە بەهۆی کێشەیەکی کەسییەوە، لەکاتێکدا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە مالیکی سەرۆکایەتی دەکات زیاتر لە 35 کورسی پەرلەمانی هەیە.
هاوکات، لە بارەی هاوپەیمانی سێ قۆڵی نێوان پارتی و رەوتی سەدر و سوننەکانەوە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاشکرای کرد، هاوپەیمانی سێ قۆڵی لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش دروست نەبووە، بەڵکو بە ئیرادەیەکی دەرەکی پێکهێنراوە بەمەبەستی پەراوێز خستنی لایەنێک.