چوارچێوەی هەماهەنگی بەمەبەستی دواخستنی کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، نامەیەک بە واژۆی 126 پەرلەمانتار ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.
ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کەناڵی “دجلة”ـی راگەیاندووە، بە واژۆی 126 پەرلەمانتار نامەیەکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کردووە و بایکۆتکردنی کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریان راگەیاندووە.
شایەنی باسە، چوارچێوەی هەماهەنگی چوار سەرۆک فراکسیۆنی ناردووەتە هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان بەمەبەستی چاودێریکردنی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ و دڵنیابوونەوە لە ئامادەبوونی نیسابی یاسایی ئەگەر کۆبوونەوەکە ئەنجامدرا.
بۆ دەستپێکردنی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستە لەکۆی 329 کورسی پەرلەمانیی 220 دانەیان بەشداری دانیشتنەکە بکەن.