چوارچێوەی هەماهەنگی، سەبارەت بە دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ رایگەیاند “بەبێ مەرجی پێشوەختە ئامادەی دانووستان بن، بۆ چارەسەری ئەم دۆخەی ئێستا و جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکە”.
چوارچێوەی هەماهەنگی دووەم دەستپێشخەری بەناوی دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە سیاسییەی ئێستای عێراق بڵاوکردەوە.
بەشی یەکەمی دەستپێشخەرییەکە نۆ خاڵ لەخۆ دەگرێت و پەیوستە بە یەکلایی کردنەوەی پرسی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق.
لەو بارەیەوە داوا لە تەواوی لایەنەکان دەکات، بەبێ مەرجی پێشوەختە ئامادەی دانووستان بن، بۆ چارەسەری ئەم دۆخەی ئێستا و جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکە.
راشیگەیاندووە “بەشداربوون لە حکومەتی داهاتوو یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن بژاردەیەکی کراوەیە لەبەردەم لایەنەکان، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک ناچار بکرێت”
دەشڵێت پۆستی سەرۆککۆمار شوێنێکی گرنگ و سەرەکییە، بەوپێیەی پارێزەری دەستوور و سیمبوولی یەکێتیی وڵات و سەروەریی و پاراستنی یەکێتی و سەلامەتیی خاکی عێراقە، بۆیە پێویستە سەرۆککۆمار کەسێکی لێهاتوو و دڵسۆز و مێژوو و رەفتاری چاک بێت. “لەسەر پارتە کوردستانییەکان پێویستە هەوڵبدەن لێک تێبگەن و رێککەوتن لەسەر کەسێک بکەن، کە خاوەن ئەو تایبەتمەندییانە بێت لە چوارچێوە کارپێکراوەکاندا.”
بەشی دووەمی دەستپێشخەرییەکە، ئەویش لە نۆ خاڵ پێکهاتووە، پەیوەستە بە پێداچوونەوە بە تەواوی گرێبەست و قەرزەکان، لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و گۆڕینی کارمەندانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن.
خاڵیكی دیکەش لەو دەستپێشخەرییە پەیوەستە بە رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر (ئەربیل) و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، لە نێویاندا بەڕێوەبردنی سامانی وڵات، پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە و پابەندبوونیان بە بڕیار و فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق.