چوارچێوەی هەماهەنگیی کە هاوپەیمانییەکە بەشێک لە هێزە سیاسییە شیعەکانی عێراق لەخۆدەگرێت، لیژنەیەكی بۆ دانوستان لەگەڵ هێزە سیاسییەکان پێکهێنا.
لەو راگەیەندراوەدا کە لە چوارچێوهی ههماههنگییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژه بهوهكراوه، هێزە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانییەکە، بەمەبەستی تاوتوێكردنی ژمارەیەک پرسی ئهمنی و سیاسیی کۆبووەنەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، کۆبوونەوەکە لە دوو بەش پێکهاتووە و لە بەشی یەکەمیدا میوانداریی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی کراوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیەی ئەمنی و ئەو ئاڵنگارییانەی کە وڵاتەکە لە شەڕی دژی تیرۆردا بەخۆیەوە دەبینێت، ههروهها بهشداریی عێراق له کۆنگرەی ریاز بۆ وزە.
بەشی دووەمی كۆبوونەوەكە تایبەت کراوە بۆ تاوتوێكردنی پرسە سیاسییەكان و تیایدا بەشداربووانی باسیان لەسەر گفتوگۆکانی نێوان هێزە نیشتمانییەكان كردووە بەمەبەستی تەواوكردنی ئامادەكارییەكانی پەیوەست بە شایستە دەستوورییەكان و پێكهێنانی حكوومەتێكی خزمەتکاری نیشتمانیی، بۆ ئەمەش چوارچێوەی هەماهەنگیی بڕیاریداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەكی دانوستان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ هێزە نیشتمانییەکان.