چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپه‌یمانی عه‌زم ئێواره‌ی دوێنێ دووشه‌ممه كۆبوونه‌وه و جه‌ختیان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی نه‌خشه‌رێگایه‌ک كرده‌وه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه سیاسییه‌كان و ده‌ربازكردنی وڵات له قه‌یرانی سیاسی و هه‌نگاونانی كرداری بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق.
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپه‌یمانیی عه‌زم ئێواره‌ی دووشه‌ممه له‌نوسینگه‌ی سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا كۆبوونه‌وه و له‌دیدارێكدا گفتوگۆكرا له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی سیاسی و ده‌رهاویشته‌كانی به‌ئاراسته‌ی كۆتاییهێنان به كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و یه‌كێتی و عه‌زم جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگی به‌رده‌وامبوونی هه‌وڵه‌كانیان كرده‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌یه‌ک به‌مه‌به‌ستی ده‌ربازبوون له قه‌یرانی سیاسی و داوایانكرد، هه‌مو لایه‌نه‌كان و هێزه نیشتیمانییه‌كان ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بن له‌پێناو به‌جێهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان و به‌رده‌وامیدان به ناساندنی نه‌خشه‌ڕێگایه‌ک كه ببێته هۆی به‌ره‌وپێشبردنی پڕۆسه‌ی سیاسی، هه‌نگاوی كرداریش بنرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی گه‌لی عێراق.
له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه، كۆبوونه‌وه‌كه جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی خێراكردنی بنه‌ماكانی نه‌خشه‌ڕێگاكه كرده‌وه، به‌جۆرێک گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه‌كان بكرێت بۆ دانیشتن له‌سه‌ر مێزی دیالۆگ و گه‌یشتنه لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش، به‌مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی و پاراستنی له ئاژاوه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه‌ی هاووڵاتیانی عێراق به سیستمی سیاسی ئێستا.