لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم، وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد، كە ئامانج لێی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بوو.
وتیشی: پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندبوو، كە وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی دەمێنێتەوە و هەوڵدەدەین پەرلەمانی كوردستان-عێراق و دامەزراوەكانی بەجۆرێك بێت لە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمدا بێت.
رونیكردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و بەشداریكردنی لە دەسەڵاتدا هەیە، ئەزموونی بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی حكومەتی هەرێم، ئەزمونێكی تاڵبووە.
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەوەفدی پارتی دیموكراتی كوردستانیان راگەیاندووە كە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناكات و هیوادارن ئەو لایەنە سیاسییانەی بەشداری لە پێكهێنانی حكومەتدا دەكەن، لەپێناو بەرژەوەندی خەڵك نەك حزب كاربكەن.