ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و بڕیاریدا پڕۆژەی پەڕەی سەوز ئامادە بکرێت بۆ سود وەرگرتن لە وزەی نوێ و کەمکردنەوەی بڵاوکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی بەڕێوەچوو.
لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا 500000 (پێنج سەد هەزار) پارچە زەوی نیشتەجێبوون لە چوارچێوەی پڕۆژەی “داري” لە هەفتەی داهاتوودا دابەشبکرێت.
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەکەدا باسی لەوەکرد، بڕیاردراوە پەڕەی سەوز ئامادە بکرێت بۆ سود وەرگرتن لە وزەی نوێ و کەمکردنەوەی بڵاوکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان، هەروەها بڕیاردراوە گۆڕەپانی تەحریر و ژمارەیەک شوێنی دیکەی دیاری بەغداد نۆژەنبکرێنەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی بڵاوبونەوەی پەتای خوێنبەربوون، چۆنیەتی بەرەنگاربونەوە و رێکارە خۆپارێزییەکانی، میوانداری بریکاری وەزارەتی تەندروستی بۆ کاروباری هونەری کرد.