شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردوو ئەنجامداوە و رایگەیاند، “دەبێت تیرۆریستان بە سزای خۆیان بگەیەنرێن”.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، “شەوی رابردو پەیوەندیەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ عەقید واین مارۆتۆ، وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش ئەنجامداوە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەموومان بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە موشەکییانەی ئەم دواییەی سەر خاکی کوردستان دەکەین، دەبێت تیرۆریستان بە سزای خۆیان بگەیەندرێن، ئێمە لە کوردستان بە ئاشتی پێشدەکەوین و دەژین و دەبێت ئەمە بپارێزرێت”.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان شەوی رابردو بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنوری (برگلە) کە لەلایەن حەشدی شەعبی لەسنوری پارێزگای نەینەوا بەڕێوە دەبردرێت، شەش موشەک بە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاوێژراون و روداوەکەش زیانی گیانی نەبوە، سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەو هەنگاوەش داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن رێکاری پێویست بگرنەبەر.