چارەسەری دەرزی ئاژنین یەکێکە لەو چارەسەرانەی بۆ ئازاری ماسوولکە کە بەهۆی گرژی ماسوولکەکانەوە دروست دەبێت، بەکاردێت . بە تایبەتی بەم دواییانە خەڵکێکی زۆر لە سەنتەرەکانی چارەسەری سرووشتی هەولێر ( ئەربیل ) خەریکی ئەم چارەسەرکردنەن.
لەبەر ئەوەی دەرزییە باریکەکە ماسوولکەکان ئاگادار دەکاتەوە و خاویان دەکاتەوە، چارەسەری دەرزی ئاژنین بۆ ئەو کەسانەی ژانی ماسوولکەیان هەیە چارەسەرێکی گونجاوە.
وەکو رۆژنامەی تەبا بۆ زیاتر زانیاری گەیاندن بە خوێنەرەکانمان لەبارەی چارەسەری دەرزی ئاژنین کە بەوە ناسراوە چارەسەرێکی بێ ئازارە، چەند پرسیارێکمان ئاراستەی پارێز کەریم دکتۆری چارەسەری سرووشتی کرد.
پارێز کەریم ئاماژەی بەوە کرد کە مێژووی ئەم چارەسەرە زۆر کۆنە . وتیشی، ” مۆمیایەک دۆزرایەوە کە مەزەندە دەکرێت مێژووەکەی بۆ ٦ هەزار ساڵ پێش زایین بگەڕێتەوە . لەو مۆمیایەدا جێ شوێنی کوتینی لێ دۆزرایەوە و ئاماژە بەوە کرا کە ئەم کوتینە بە دەرزی ئاژنین کراوە”.
ئەو دکتۆرە باسی لەوە کرد کە ئەم چارەسەرە بۆ یەکەمجار لە لایەن چینییەکان بەکارهاتووە و لە ساڵانی ١٩٧٠ ـکان لە ئەوروپا بڵاوبووەتەوە.
سەبارەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی چارەسەرەکەش پەرێز کەریم وتی، “چەند دەرزییەک لەو ماسولکانە دەدرێت کە ئازاری لێیە کە ئەمەش ئاگادارکردنەوەی نێوان ئەو ماسوولکەیە و مێشک بەهێزتر دەکات . دەبێتە هۆی ئەوەی خرۆکە سپییەکان و بەرگری لە شوێنی مەبەست زیاتر بێت . بەم شێوەیە پڕۆسەی چارەسەر خێراتر دەبێت”.
پارێز کەریم باسی لەوە کرد کە چارەسەری دەرزی ئاژنین بە ٢ شێواز ئەنجام دەدرێت و وتی، “شێوازێکیان ناوی ئاکاپونکتوورە کە لەمەدا دەرزییەکان بۆ ماوەی ٢٠ – ٣٠ خولەک لەسەر پێست دەمێنێتەوە . بەڵام لە شێوازی نوێ دوای ئەوەی دەرزییەکە لێدەدرێت راستەوخۆ دەردەهێندرێت و فڕەدەدرێت”.
وتیشی، “پێشتر ئەم چارەسەرە بە مەبەستی جوانکاریش ئەنجام دەدرا چونکە ئەو شوێنەی کە دەرزییەکەی لێدەدرێت، ئاڵوگۆڕی خوێن تیایدا زیاد دەکات، بەرگری بەهێز دەبێت، ماسوولکەکان چاڵاکتر دەبن و بەهۆی ئەم هۆکارانەش شوێنەکە زیندوو و بریقەدار بەدیار دەکەوێت”.
پارێز کەریم جەختی لەوە کردەوە کە ئەم چارەسەرە لە سەرانسەری عێراق کەم بەکار دەهێندرێت . سەبارەت بە هۆکارەکەشی دەڵێت،”بۆ ئەم جۆرە چارەسەرە هیچ ناوەندێکی فێرکردن نییە لێرە . ئەوانەی شارەزاشن لە دەرەوەی وڵات خوێندن لەم بوارە تەواو دەکەن . ئەم جۆرە چارەسەرە یەکێکە لە بوارەکانی چارەسەری سرووشتی بەڵام لە بەشەکانی چارەسەری سرووشتی هەرێم ئەم چارەسەرە وەکو بوارێک ناخوێندرێت”.
ئەو دکتۆرە راشیدەگەیەنێت، “من وەکو مامۆستا وانە بە فێرخوازانی ئەم بوارە دەڵێمەوە . مانگێک بەر لە ئێستا خولێکمان کردەوە کە ٢٣ کەس بەشدارییان تیاداکرد . فێرخوازەکان خەڵکی هەولێر و سلێمانی بوون”.
لەبارەی رێنماییەکانی دوای ئەنجامدانی چارەسەریش، هۆشداری ئەوە دەدات کە دەبێت لایەنی کەم ٢ کاتژمێر کەسەکە خۆی نەشوات چونکە بەهۆی درووستبوونی کون لەسەر پێستدا لەوانەیە ئەگەری هەوکردن درووستبێت، هەر بۆیەش نابێت ئەو شوێنانە بەر ئاو کەون .
پارێز کەریم، ئاماژە بە چەند کەسێک دەکات کە نابێت ئەم چارەسەرەیان بۆ بکرێت و دەڵێت، “لە ٣ مانگی یەکەمی دووگیانی نابێت ئەم چارەسەرە بۆ کەسەکە ئەنجام بدرێت . هەروەها ئەوانەی پێستیان هەستیارە، نەخۆشی شەکرەیان هەیە، جێشوێنی سووتانیان هەیە لەسەر پێستیان و ئەو کەسانەی فۆبیای دەرزییان هەیە نابێت ئەم چارەسەرەیان بۆ بکرێت”.
سەبارەت بە تەمەنی ئەو کەسانەی کە ئەم چارەسەرەیان بۆ ئەنجام دەدرێت، ئەو دکتۆرە دەڵێت، “بۆ هەموو تەمەنێک گونجاوە . ئەو دەرزییەی بەکاردەهێندرێت زۆر باریکترە لە دەرزی ئاسایی . بەم هۆیەشەوە لە کاتی بەکارهێنان هیچ ئازارێکی نابێت . دەرزییەکە جارێک بەکاردەهێندرێت و فڕەدەدرێت . لەکاتی فڕەدانیش وەها باشترە کە لەناو قوتوەکەی خۆی بکرێت ئینجا فڕەبدرێت چونکە ئەگەر یەکێک لە ناو زبڵدانەکە لە دوای شتێک بگەڕێت لەوانەیە دەرزییەکە لە پەنجەکانی رابچێت و توشی نەخۆشی بێت”.
پەرێز کەریم، لەبارەی ژمارەی دەرزی بەکارهاتوو لە چارەسەر روونیکردەوە، “ژمارەی دەرزییەکان بە گوێرەی شوێنی ماسولکە دەگۆڕیت . لەبەر ئەوەی دەرزییەکان زۆر باریکن، ئەگەری خوێنبەربوون بە رێژەیەکە کە دەتوانین بڵێن نییە . ئەم چارەسەرە، چارەسەرێکی بێ دەرمانە و دەتوانین بڵێین لە ١٠ هەزار کەس تەنها لە یەک کەس کاریگەری لاوەکی دەبیندرێت”.
پارێز کەریم دکتۆری چارەسەری سرووشتی، ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی وەکو کۆمایان هەیە بە یارمەتی کارەبا ئەم چارەسەرەیان بۆ دەکرێت.
سەبارەت بە ئەنجامدانی چارەسەرەکە بە مەبەستی دابەزاندنی کێشیش دەڵێت، “بۆ مەبەستی دابەزاندنی کێش ٨ دەرزی لە گوێیەکان و ٤ دەرزیش لە سک دەدرێت . هەفتەی ٢ جار ئەم پڕۆسەیە دووبارە دەکرێتەوە . کاتێک بۆ کەسەکە باسی پڕۆسەکە دەکەم، هەندێکیان دەڵێن ‘ دەکرێت دەرزی بەکارنەهێندرێت ‘. بۆیەش ئەوانەی فۆبیای دەرزییان هەیە وا باشترە روو لەم چارەسەرە نەکەن”.