وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رێنماییەکانی تایبەت بە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2022 – 2023 ی بڵاوکردەوە، کە سێ رۆژی دەستپێکی دەوام خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان پابەند دەکات بە وتنەی چەند وانەیەکی تایبەت کە خۆیان لە خۆشەویستی نیشتیمان و لایەنە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی چەک و پاراستنی ژینگە دەبیننەوە.
بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی پەروەردە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکاراوەتەوە،” رۆژانی 13 ، 14 و 15 ی (ئەیلول/9) ی 2022، دەبنە دەوامی فەرمی لەسەرجەم خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان، جگە لەوەی خوێندکاران بە پۆلەکانیان ئاشنادەکرێن، کتێبیان بەسەردا دابەشدەکرێت”.
هەر لە نوسراوەکەدا هاتووە، “پێویستە لەو سێ رۆژەدا چەند وانەیەکی تایبەت بخوێندرێن، لەسەرجەم خوێندنگەکان وەک( خۆشەویستی کوردستان و گەشەپێدانی کلتوری پێکەوەژیان، هۆشیارکردنەوە و پێدانی زانیاری لەسەر لایەنە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی چەک و چەکی بێمۆڵەت و ئامێرە بریندارکەرەکان، زیانەکانی ماددەی هۆشبەر، پاراستنی ژینگە و پاراستنی ئاو وەک سامانێکی نیشتیمانی و چۆنیەتی باش بەکارهێنانی، چۆنیەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەشێوەیەکی باش و دورکەوتنەوە لەلایەنە خراپەکانی”.
هەر بە گوێرەی نوسراوەکە، “پێویستە ساڵانە دوجار ئەم بابەتانە دوبارەبکرێنەوە، لەسەرەتای دەستپێکی دەوام و لەسەرەتای دەستپێکی وەرزی دوەمی خوێندن، لە رێکەوتی 17 ی (ئەیلول/9) سەرەتای دەوامی وانەوتنەوەی ئاسایی دەبێت لە سەرجەم خوێندنگەکان”.