سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی 26ـی ئەم مانگە کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق دەکرێت.
سەرەتا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار رۆژی 7ـی شوباتی 2022ـی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاریکردبوو، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی زۆربەی فراکسیۆنەکان و تەواونەبوونی رێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە نەکرا.
بەپێی دەستووری عێراق، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو لە ماوەی 15 رۆژدا دەبێت بەربژێری گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت، ئەویش پێویستە لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەو 45 کەسەی کە وەکو بەربژێر خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ناونووس کردبوو، چوار کەس بەهۆکاری جیاجیا رەتکراونەتەوە، 40 کەسیش وەکو بەربژێر کە مەرجەکانیان تیادا بووە لەو کێبڕکێیەدا دەمێننەوە.