سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی ئەورووپا، ناتالی لویسۆ رایگەیاند، یەکێتی ئەورووپا نیگەرانە لە دۆخی سنجار و پێویستە بەزووترین کات حکوومەتی عێراق کار بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی ئەو ناوچەیە بکات.
ناتالی لویسۆ کە چەند رۆژێکە بە سەردانێکی فەرمی لە هەرێمە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست.
لویسۆ لەبارەی مەترسییەکانی داعشەوە وتی، “ھێشتا مەترسی داعش لە عێراق و ناوچە جێناکۆکەکان ماوە، بۆیە ھاوکارییەکانمان بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەاوم دەبێت”.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی ئەورووپا نیگەرانی لە رەوشی سنجار دەربڕی و وتی، “دۆخی سنجار جێگەی نیگەرانی ئێمەیە و خراپی رەوشی ئەو ناوچەیە وایکردووە خەڵکی سنجار نەتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان”.
ناتالی لویسۆ جەختی لە ئاساییکردنەوەی رەوشی سنجار کرد و وتی، “پێویستە حکوومەتی عێراق بەزووترین کات کار بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی سنجار بکات”.
پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، تەوەرێکی دیکەی قسەکانی ناتالی لویسۆ بوو، لەوبارەیەوە رایگهیاند،”دەزانم ئێستا گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکاندا ھەیە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ھیوادارام لایەنەکان بگەنە رێککەوتن، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت”.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی ئەورووپا سەبارەت بە دۆخی عێراق بەشێوەیەکی گشتیی، رایگهیاند،”یەکێتی ئەوروپا عێراقێکی سەربەخۆ و بەھێزی دەوێت، نەک عێراقێک کە ببێتە قوربانی دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ و لایەنە دەرەکییەکان”.