هەریەك لە مزاحم تەمیمی، عەدنان زورفی، محەمەد ساحب دەراجی و محەمەد شیاع سودانی، پەرلەمانتارانی شیعە، لە پەیامێكی هاوبەشدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقیان كردووە، داوایانكردووە لیژنەیەكی پەرلەمانیی هاوبەش لە نوێنەرانی هەرێمی كوردستانی عێراق و پارێزگاكانی دیكەی عێراق پێكبهێنرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بەشێوەیەكی ریشەیی.
ئەو چوار پەرلەمانتارە رایانگەیاندووە، هەندێ هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی پەسەندكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی بخەنە ناو رەهەندێكی سیاسی و وا وێنای بكەن كە ئەمە لەدژی گەلی كورد بووە، هاوكات رەخنەشیان لەهەردوو حكومەتی هەرێم و بەغداد گرتووە كە بەهۆی كەمتەرخەمی و جدی نەبوونیان، كێشەكانی نێوانیان وەك خۆی ماوەتەوە، كە ئەمەشە رەنگدانەوەی خراپی لەسەر دۆخی بژێوی هاووڵاتیانی هەرێم دروستكردووە. ئەو پەرلەمانتارانە هۆكاریی سەرەكیی دۆخەكەشیان خستووەتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم، كە لەماوەی رابردوودا خۆی لە دۆزینەوەی چارەسەر دزیوەتەوە.
هەروەها داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە، لیژنەیەكی پەرلەمانیی بە بەشداری نوێنەرانی كوردو لایەنەكانی دیكە پێكبهێنرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ریشەیی و كۆتایی هێنان بە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بەرێگەی یاسایی و دەستووری، بۆئەوەی بخرێتە ناو یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ و چیتر فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی عێراق تووشی زیان نەبن.