پۆلیسی هەولێر(ئەربیل) لە راگەیەندراوێکدا تایبەت بە کوژرانی پیاوێک لەلایەن هێزەکانی زێرەڤانییەوە ئاماژە بەوەکراوە، لە ئەنجامی تەقەی دوو پاسەوانی سەربە هێزەکانی زێرەڤانی، پیاوێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەی کوژراوە، دواتریش هەردوو پاسەوانەکە خۆیان رادەستی پۆلیس کردووە.
دەقی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر:
دوێنێ رۆژی يەكشەممە رێکەوتی ٦/٣/٢٠٢٢ کاتژمێر (٩)ی شەو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادار کرانەوە بەبوونی ڕووداوێکی کوشتن لە شەقامی ١٥٠ م نزیک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ و بانکی منارە، دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداو بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەرکەوت کەوا کەسێک بەناوی (صادق عبدالخالق جمال)کوژراوە لەناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری هۆندای ئەکسێنت، هەروەها هاووڵاتیەکی ئافرەتی لەگەڵ بووە بەناوی (ا.ا.م)پاش ئەنجامدانی لێکۆلینەوە سەرەتایەکان دەرکەوت کەوا کوژراو هەوڵی دەستدرێژی داوە بۆ سەر کچەکە و ئەویش داوای یارمەتی و بەهاناوەچوونی کردووە، دواتر پاسەوانەکانی بانکی منارە کە سەر بە هێزەکانی زێرەڤانین گەیشتوونەتە لای ئۆتۆمبێلەکە بۆ بە هاناوەچوونی کچەکە بەڵام شوفێرەکە ویستویەتی رابکات لەئەنجامدا تەقەکراوە و بووەتە هۆی گیان لەدەست دانی شوفێرەکە، هەردوو تۆمەتبار خۆیان ڕادەستی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر کردووه تۆمەتباران و کچەکەش لەلای هێزەكانى پۆلیس لەژێرلێکۆلینەوەن وه راگيراون به بريارى دادوەرى لێكۆڵينەوه به پێی ماددەى ٤٠٥ له ياساى سزادان.