پڕۆژەی گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز سێ دەستیپێکردووە و وادەی تەواوبوونی ئاشکرا دەکرێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • پڕۆژەی گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز سێ دەستیپێکردووە و وادەی تەواوبوونی ئاشکرا دەکرێت

پڕۆژەی گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز سێ دەستیپێکردووە و وادەی تەواوبوونی ئاشکرا دەکرێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
پڕۆژەی گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز سێ دەستیپێکردووە و وادەی تەواوبوونی ئاشکرا دەکرێت
0

لایک

له‌ ماوەی رابردوو به‌شێک له‌ دانیشتووانی شاری هه‌ولێر به‌هۆی زۆری شكانی بۆری ئاوی ئیفراز سێ، تووشی كێشه‌ی كه‌مئاوی ده‌بوونه‌وه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی، حكوومه‌تی هه‌رێم بڕیاری دا به‌ گۆڕینی ئه‌و بۆریه‌ و ته‌رخانكردنی گوژمه‌یه‌كی دیاریكراو بۆی.

شایەنی باسە لەسەرەتای کەوتنەکاری پڕۆژەی ئاوی ئیفرازەوە تا ئێستا نزیکەی ٣٠ جار شکاوە  و هەندێک جار بەهۆی کارکردنی کۆمپانیاکان و هاووڵاتیانەوە شکاوە و هەندێک جاریش بەهۆی جۆری بۆرییەکە و لەژێر فشاری ئاودا شکاوە.

لە ئێستادا قۆناغی یەکەمی گۆڕینی بۆڕی ئاوی ئیفراز ٣ دەستیپێکردووە و وەک رۆژنامەی تەبا بۆ قسەکردن لەبارەی دووایین دۆخ و وادەی تەواو بوونی پڕۆژەی گۆڕینی بۆرییەکە، چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ئەنجامدا.

زەردەشت سەرسام، لەسەرەتادا باسی لە پڕۆژەی بۆری ئاوی ئیفراز سێ کرد و وتی، “به‌هۆی ئه‌وه‌ی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، ئاوی پاک بۆ ٤٠%ی دانیشتووانی هەولێر دابین دەکات، کە زیاتر لە ١٦٠ هەزار هاوبەشی ئاو لەخۆ دەگرێت، بۆیه‌ شكانی بۆرییه‌كه،‌ ده‌بووه‌ كێشه‌یه‌ک بۆ به‌شێک له‌ دانیشتووانی پارێزگای هه‌ولێر، بەمهۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا بە تەرخانکردنی نزیکەی ٢١ ملیار دینار، بڕیاری گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز سێی بە درێژیی ١١ کیلۆمەتر و ئێستا کارەکانی قۆناغی یەکەم دەستی پێ کردووە كه‌ درێژیه‌كه‌ی ٢ هەزار ٧٥٠ مه‌تره‌ و ده‌كه‌وێته‌ نزیک وێستگه‌ی مارعۆدا”.

زەردەشت سەرسام باسی لە هۆکاری شکانی چەندین جارەی بۆرییەکە کرد و رایگەیاند، “ئه‌و بۆریه‌ی پێشتر به‌كارهاتبوو له‌ جۆری فایبه‌ر گلاس بوو، کە بەپێی پێوه‌ری رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی رێگه‌پێدراو بوو، به‌ڵام به‌رگه‌ی فشاری ئه‌و په‌مپانه‌ی ناو وێستگه‌كه‌ی نه‌ده‌گرت، بۆیه‌ ئه‌و به‌شەی‌ زۆرجار تووشی شكان ده‌بوو، ئه‌و بۆریه‌ی ئێستا دانراوه‌ له‌ جۆری كاربۆن ستیله‌ و به‌رگه‌ی ٣٧ بار ده‌گرێت و كوالێتییه‌كه‌ی زۆر باشه‌ و تیرەکەی هەزار و ٥٠٠ مللیمەترە و ئەستوورییەکەشی ١٤ مللیمەترە، بۆرییەکان بە پێنج چین لەحیم پێکەوە دەبەسترێنەوە”.

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو بۆرییە نوێیەی کە ئێستا بەکاری دەهێنن کوالێتییەکەی باشە و ئەوەشی خستەڕوو، “بە تەواوبوونی کارەکان کێشەی شکانی بۆری ئیفراز سێ لە هەولێر کۆتایی پێدەهێنرێت، بۆرییە نوێیەکەی ئیفراز سێ توانای هەیە لە کاتژمێرێکدا ١٠ هەزار مەتر سێجا ئاو بگوازێتەوە و بەراورد بە بۆرییە کۆنەکەش زۆر پتەوترە”.

زەردەشت سەرسام وادەی کۆتایی هاتنی پڕۆژەی گۆڕینی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ ئاشکرا کرد و رایگەیاند، “هاووڵاتییان دڵنیا بن‌ كه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر ده‌بێت و ماوه‌ی ته‌واوكردنی گۆڕینی بۆڕییه‌كەش‌ ٩٠ رۆژ بوو، به‌ڵام بڕیارە به‌ ٧٥ رۆژ به‌ڵێنده‌ر ته‌واوی بكات، دوای ته‌واوبوونیشی و تێستكردنی ته‌نیا دوو رۆژ پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتییان هاوكارمان بن تاوەكو بۆرییه‌كان به‌یه‌كتر ده‌به‌سترێنه‌وه‌”.

لەبارەی قۆناغی دووەمی گۆڕینی بۆڕی ئیفراز بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، “قۆناغی دووه‌م كه‌ له‌ داهاتوو كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت له‌ وێستگه‌ی ئیفرازه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، چونکە هه‌ندێک جار جگه‌ له‌ ئیفراز سێ لە هه‌ردوو پڕۆژه‌ی ئیفراز یه‌ک و دوو شکان رووی دەدا، لە کاتی کارکردن لە قۆناغی دووەم بیره‌كان ئاوی پاک بۆ ماڵان دابین ده‌كه‌ن، بۆیه‌ به‌كاركردن له‌م به‌شانه‌ی ئیفراز هاوبه‌شانی ئاو له‌ پارێزگای هه‌ولێر هیچ گرفتێكی ئه‌وتۆیان بۆ دروست نابێت”.

شاری هەولێر جگە لەوەرگرتنی ئاو لەبیرەکانەوە، سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە. ئیفراز یەک کە ساڵی ١٩٦٧ دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی ١٩٨٢ و ئیفراز سێ ساڵی ٢٠٠٧ کەوتووەتە کار.

ئەمە لەکاتێکدایە، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ  لەسەر زێی گەورەوە تا دەگاتە هەولێر ۳۲ کیلۆمەترە، ١٥ ساڵە دروستکراوە و رۆژانە نزیکەی ٢٤٠ ملیۆن لیتر ئاو دابین دەکات. لەماوەی رابردوودا هەر جارێک بۆریی ئاوی ئیفراز سێ شکابا، لە هەر کاژێرێکدا نزیکەی ١٠ هەزار مەتر سێجا ئاو بەفیڕۆ دەچوو، هەروەها پێویست بوو سەرەتا ئاوی ناو بۆڕیەکە بەتاڵ بکرێت و پاشان چاک بکرێتەوە و ماوەی ۲٤ بۆ ٤٨ کاتژمێری دەویست، ئەمە جگە لە  تێچوی دارایی هەر چاکردنێک زیاتر لە ۲٥ ملیۆن دینار بوو.

پڕۆژەی ئاوی ئیفراز بەناوی گوندی ئیفرازەوە ناونراون لەسەر زێی گەورە و کە شوێنی وەرگرتنی ئاوە بۆ شاری هەولێر. بۆریی ئاوی ئیفراز سێ کەوتووەتە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی ٤٠%ـی ئاوی شاری هەولێر کە بریتین لە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژئاوای شارەکە دابین دەکات.