بازاڕی گەورە یان بازاڕی قەیسەری یەکێکە لە شوێنەوارە کۆنەکانی شاری هەولێر(ئەربیل) و مێژووەکەی بۆ ٢٠٠ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەم بازاڕە لەسەر رووبەرێکی فراوان و لەشێوەی پیتی لاتینی بونیادنراوە و پێکهاتووە لە شوێنێکی بازنەیی کە بەسەدان دوکان لەخۆدەگرێت و چەندین کوچە و کۆڵانی پێچاوپێچی تیادایە و لە چەند بەشێک پێک دێت کە بریتین لە بەشی کوتاشفرۆش و بەرگدروو کە کۆنترین بەشی بازاڕەکەیە، بەشی پێخەف و دۆشەگ، بەشی پێڵاوفرۆشان، دارتاش، زێڕەنگەران، پەنیر و ماست فرۆش، سەوزەفرۆش، قەساب و چەخماخچی و چەند بەشێکی دیکە کە ئێستا بەهۆی تەکنەلۆجیا و پێشکەوتنەوە بەشێک لەو پیشانە نەماون.
ئەم بازارە مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە، ئەمیش بەهۆی کارکردنی چەندین پێکهاتەی جیاجیای نەتەوەیی و ئایینی تیایدا، کە تاکو ٤ بۆ ٥ ساڵی رابردوو ئەم جیاوازییەی تیادا بەدی دەکرا. بەڵام لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر و پێبەخشینی شێوازێکی مۆدێرن، ئەم رووکەشە دێرینەی لەدەستدا و لە ئێستادا وەکو بازاڕێکی ئاسایی دەردەکەوێت.
سەرەڕای ئەوەی ماوەی نزیکەی ٣ ساڵ دەبێت نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە وەستاوە، بەڵام لەئێستادا دووبارە نۆژەنکردنەوە لە ٣ کۆڵانی بازارەکە دەستی پێکردووەتەوە کە پارێزگای هەولێر، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی یەک سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکەن و گوژمەی ١،٢ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتوودا کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە لەلایەن کۆمپانیای “خاکان” تەواو بکرێت.
بەگوێرەی پلانەکان ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکە ٣٦٥ رۆژ (١٢) مانگی بۆ دیاریکراوە. کەچی بەوتەی دوکانداران، ئەم نۆژەنکردنەوەیە زیانێکی زۆری ماددی بۆ ئەوان لێکەوتووەتەوە، گلەیی لە حکومەت دەکەن کە ماوەی یەک ساڵ دوکانەکانیان بەهۆی نۆژەنکردەنەوە دادەخرێت، بەڵام بەهۆی کەمنەکردنەوەی باج لەسەر خاوەن موڵکەکان، ئەوا ناچارن کرێی تەواو بدەن بە خاوەن موڵکەکان. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ وەستانی کارەکانیان بۆماوەی ساڵێک.
شەماڵ زرار، دوکاندارێکی بازاڕی قەیسەرییە و بۆ مایکی تەبا قسە دەکات و باس لە دۆخی دوکانداران دەکات و دەڵێت، “سەرەڕای ئەوەی خاوەن موڵکەکان کرێی تەواو وەردەگرن، بەڵام ژمارەیەک لەو فرۆشگایانەی کەوتوونەتە ناو پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە موڵکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستانە و ئەم مانگە بڕیارێکیانداوە بە زیادکردنی کرێی دوکانەکان، بڕیارەکە ئێستا دەرچووە، بەڵام لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەدا دەڵێ لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ زیادکردنی کرێیەکە هەژمار دەکرێت، واتا دەبێت ئێمە بڕی زیادەی کرێی نۆ مانگی رابردووش بدەین کە کۆی گشتی بڕی دوو ملیۆن دینارە، لەئێستاشدا سەرەڕای داخستنی دوکانەکان بەڵام کرێی مانگانەیان زیادکردووە. لە دەستپێکی پڕۆژەکە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر هەندێک بەڵێنی بە ئێمەدا کە پارەی خۆڵ و خاشاک، تابلۆ، کارەبا، وەرناگیرێت و جەختیشی لەوەکردەوە کە لە کرێی دوکانەکان هاوکاریمان بکات، ئێستا ئەو بڕە پارەیەی کە باسمان کرد هەمووی راگیراوە تەنیا خاوەن موڵک بەو بڕیارە رازی نییە و داوای کرێی تەواو دەکات”.

شەماڵ زرار تایبەت بە دواکەوتنی پڕۆژەکە ئاماژەی بەوەکرد، “کاتێک دوکانەکانیان بەئێمە داخست پێیان وتین، پڕۆژەکە ماوەی ١٢ مانگی پێویستە تاکو تەواو دەبێت. ئەمە ماوەی ٤٣ رۆژە ئەم دوکانانە داخراون و تائێستا کەرپووچ لەسەر کەرپووچ دانەندراوە، هەموو رۆژێک خۆم و جیرانەکانم دێینە بازاڕ بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کارەکان ببینین و بزانین بەکوێ گەیشتوون، بەڵام ئەوەی جێگای داخە ماوەی ٤٣ رۆژە تەنها کاری چەند رۆژێکی کەمی تیادا کراوە و زیاتر لە دوو هەفتەیە جێیان هێشتووە. ئاخر چۆن دەبێت ئێستا حەداد بەشێکی کەمی کاری خۆی لێرە تەواوکردیە و رۆیشتییە و چووتە کۆڵانێکی دیکە کار دەکات، ئەوەش هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی پڕۆژەکەیە”.
شەماڵ زرار ئەوەشی ئاشکراکرد، کە کاسبکاران خەمی ئەوەیان هەیە، پڕۆژەکە بووەستێت و لەمبارەیەوە دەڵێت، ” خۆم و جیرانەکانم هەموومان سبەینان تا نێوڕۆ لێرەین و هەموومان یەک ترسمان هەیە ئەویش راوەستانی کارەکانە، چونکە بەڕاستی هێشتا حەداد کارەکانی تەواو نەکردییە، هەتا کاری حەدادیش مابی ئەوا ئیشەکانی دیکە ناکرێ و دەستپێناکەن”.
ناوبراو داوا دەکات بەدەم کاسبکاران بچن و رایدەگەیەنێت، “هیوادارین پارێزگاری هەولێر دەست لەکارەکە وەردات و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکرێنەوە لەو دۆخەی ئێستا، چونکە ئەوها بڕوا کاتێکی زیاتری دەوێ هەتا پڕۆژەکە تەواو دەبی، ئێمەش وەکو دوکانداران دەمانەوێت پڕۆژەکە رۆژێک زووتر تەواوبی تاکو بتوانین دوکانەکانمان بکەینەوە و کاسبی خۆمانی تیادا بکەین”.
شەماڵ زرار دەشڵێت، “بەراستی دوکاندارەکان لە دۆخێکی ناخۆشدان، لەلایەک ئیشمان نەمایە و لەلایەکی دیکەش خاوەن موڵکی دوکانەکان داوای کرێی مانگانەیان دەکەن، ئێمە لەکوێی بێنین؟، ئاخر نابی ماوەی ساڵێک دوکان داخرابی و ئێمەش کرێی دوکانە داخراوەکان بدەین!”.
شکور خالید حەسەن، وەکیلی بەڕێوەبەری کۆمپانیای خاکان بە هەفتەنامەی تەبای راگەیاند، ئێمە ستافی حەدادیمان پێکهاتووە لە شەش کەس، کارەکانیان بەبێ کەموکوڕی ئەنجام دەدەن، هێشتا ستافی کەرپووچ نەهاتوون، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی کاری حەدادی ئەوا راستەوخۆ ستافی کەرپووچ دێن کە دوو ستافن و بە دوو کاتی جیاواز کاردەکەن کە ژمارەی هەر ستافێک بە نزیکەیی ١٠ کەس دەبێت، ئەوکات کارەکان بەشێوەیەکی خێرا بەڕێدەکرێت.
وەکیلی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە وتیشی، “ئەوەی لەدەست ئێمە بێ دەیکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بە زووترین کات تەواو بکرێت، بەڵام ئەوا زستان دێت، بەراستی لەکاتی بارانبارین کارەکان بەڕێکی ناڕوا و ناچار دەبین کارەکان بوەستێنین، ئەمەش هۆکارێکە بۆ دواخستنی کاتی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە”.
هەواڵ: حوسێن خەتیبئۆغڵو