راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگهیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی (2022) تێناپەڕێنرێت و گرفتی گەورەی بۆ دروست بووە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدڕالی عێراق پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراکی رەتکردەوە، بودجەی ئەمساڵیش تێناپەڕێندرێت.
باسی لەوەشکردووە، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕالی حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت پڕۆژەیاسای بوودجە بۆ پەرلەمان بنرێت.
ساڵح دەشڵێت، تا پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی ناتواندرێت هیچ یاسایەک تێپەڕێندرێت و دادگا ئەو بابەتەی یەکلایی کردووەتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە ماوەی رابردوودا چەند هەوڵێکی دابوو بۆ ئەوەی حکومەتی ئێستای عێراق پرۆژەیاسای بودجەی (2022) بۆ پەرلەمان بنرێت و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی دوو رۆژ لەمەوبەر لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێک پرۆژەیاسای ئاسایشی خۆراکی رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، حکومەتی کارێبەڕێکەر ناتوانێت هیچ یاسایەک تیپەڕبکات بەپێی دەستوور.