موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکی نوێدا رایگەیاند، ئەوان نە سەر بە رۆژهەڵاتن نە رۆژئاوا و دەشڵێت، “رێگا نادەین کەسێکی بێ بنەما حکومی عێراق بکات.”
ئەمڕۆ دووشەممە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر پەیامێکی نوێی لە تویتەر بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “من و ئەوانەی هاوڕێمن نەسەر بە رۆژهەڵاتین نە سەربە رۆئاوایین”.
موقتەدا سەدر باسی لەوەشکردوە، داوا دەکات ئەگەر هەر شتێک روبدات، هەوڵەکان بۆ چاکسازیی بەردەوام بن، چونکە خۆیی و ئەوانەی داوای چاکسازی دەکەن، نە رۆژهەڵاتین و نە رۆژئاوایی، بۆیە “هیچ کەسێک ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت”.
دەشڵێت، “ئەوانەی بانگەشەی بوونی پاڵپشتێک دەکەن و سەربەون. ئەویش خاوەنی راستەقینەیان نییە، جا هەرکەس بێت، ناتوانن حوکمڕانیمان بکەن.”
بەشی کۆتایی پەیامەکەی موقتەدا سەدر تەرخانیکردووە بۆ باسکردن لە چاکسازی و پاراستنی نیشتیمان و بۆ هەریەک لەو بڕگانە ئایەتێکی قورئانی هێناوەتەوە.
لەبارەی چاکسازییەوە دەڵێت، “کاتێک لێیاندابڕان و پەنایان بۆ ئەشکەوتەکە برد تەنها لەبەر ئەوەبوو وتیان جگە لە خودا هیچ شتێکی دیکە ناپەرستین”.
لەبارەی چاکسازییەوە دەڵێت، “پەروەردگارتان میهرەبانی خۆییتان بەسەردا دەبارێنێت و لەناوتاندا بڵاویدەکاتەوە و دۆخێکی گونجاوتان بۆ فەرەهەم دەکات”.
ئەوەش نوێترین پەیامی سەدرە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی پاش رووداو و گرژییەکانی هەفتەی رابردووی لایەنگرانی سەدر. کە تیایدا ٢٥ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٣٠٠ کەسی دیکە برینداربوون. گرژییەکانیش دوای ئەوە هات، کە موتقەدا سەدر کشانەوەی خۆی لە کاری سیاسی راگەیاند و بەوەش لایەنگرانی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.