بەپێی ماڵپەری فەرمی پارێزگای هەولێر(ئەربیل)، نیوەڕۆى دوێنێ سێشەممە 2022.5.31، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر(ئەربیل) پێشوازى لە لیوا ئیسماعیل دەرویش، سەرۆکى یەکێتى ئاسمانى عەرەبى و شاندێکى یاوەرى کرد.
هاوکات لە بڵاوکراوەکەی پارێزگا هاتووە، “لەدیدارەکەدا، سەرۆکى یەکێتى ئاسمانى عەرەبى و شاندێکى یاوەرى زۆر سوپاسى پارێزگارى هەولیریانکرد بۆ رەخساندنى ئەم دیدارە و تیشکیان خستە سەر ئەنجامدانى پاڵەوانییەتى ئاسمانى کە بۆ یەکەمین جارە لەعێراق بەبەشدارى 12 وڵات ئەنجامدەدرێت و لە 2022.6.4 تاوەکو 2022.6.12 لە هەولێرى پایتەخت لەسەرئاستى وڵاتانى عەرەبى بەڕێوەدەچێت”.
شایەنی باسە لەبڵاوکراوەکەدا ئۆمێد خۆشناو ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە لە هاریکاریی و رایگەیاندووە، “خۆشحاڵین کە پاڵەوانیەتیەکى لەم شێوەیە بۆ یەکەمین جار لەعێراق و لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبى لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بەرێوەدەچێت، دڵنیاتان دەکەینەوە وەکو پارێزگاى هەولێر هەرچی پێویستە لە ئاسانکارى و هاوکاریکردنتان ئامادەین پیشکەشتان بکەین”.