پارێزگاری هەولێر: یەکەی نیشتەجێبوونی کەمدەرامەتان لە دوو شوێنی زۆرباش دروست دەکرێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • پارێزگاری هەولێر: یەکەی نیشتەجێبوونی کەمدەرامەتان لە دوو شوێنی زۆرباش دروست دەکرێت

پارێزگاری هەولێر: یەکەی نیشتەجێبوونی کەمدەرامەتان لە دوو شوێنی زۆرباش دروست دەکرێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
پارێزگاری هەولێر: یەکەی نیشتەجێبوونی کەمدەرامەتان لە دوو شوێنی زۆرباش دروست دەکرێت
0

لایک

راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر(ئەربیل) ده‌ڵێت، لە دوو شوێنى زۆر باش دەستدەکرێت بە دروستكردنى یەکەکانى نیشتەجێبوونى کرێنشینان و كەمدەرامەتان کە دەکەوێتە نێوان شەقامى 120 مەترى و 150 مەترى.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دوابەدواى فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەى دروستکردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لەهێمن قادر و مەسعود کارەش، جێگرانى پارێزگار، یاریدەدەرى پارێزگار، قائیمقامى ناوەند، به‌رێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، بەرێوەبەری گشتى شارەوانیەکان، به‌رێوه‌به‌ری نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانی هه‌ولێر و به‌رێوه‌به‌ری گشتیی رێگاوبانی هه‌ولێر، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، دواى پێداچوونەوە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى پێشوو و دابینکردنى ئەرز و وردەکاری هونەریی و دیزاین و چۆنیەتى دروستکردن و دەستپێکردنى پرۆژەکە لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى و به‌رێوه‌به‌رایەتی نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانی هه‌ولێر، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى ئەوەى جه‌ختی لە جێبەجێکردنی فەرمان و ڕاسپاردەى سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ لەبارەى دروستکردنی یەكەکانی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشین و كەمدەرامەتان، بڕیاریدا دەست بە دروستکردنى پڕۆژەکە بکرێت لە ڕێگەی باشترین وەبەرهێنەرانی کوردستان، بە باشترین و چاکترین کوالێتى و شێواز، لە دوو شوێنى زۆر باشى شارى هەولێر، کە دەکەوێتە نێوان شەقامى 120 مەترى و 150 مەترى.

 ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، لیژنەیەکى تایبەت پێکهێندرا بۆ دەستکردن بە هەڵاواردن و جیاكردنەوەی ناوى ئەو (59 هەزار) هاوڵاتییەى کە فۆڕمى داواکاری وەرگرتنى یەکەکانیان پڕکردووه‌تەوە و پاشان دەستبکرێت بە تیروپشکى داواکارییەکان بۆ وەرگرتنی شه‌ش هەزار یەکەى نیشتەجێبوون، کە دەبێت ئەو ناوانەى یەکەکانیان بۆ دەردەچێت 100% شایستەبن و هەموو ئەو مەرجانەى کە دانراون لەسەیان جێبەجێبکرێت و پرۆسەکەش بەشەفافی و دادپەروەرى و دوور لەواستە و واستەکارى بەڕێوەبچێت.

شایەنی باسە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە سەرەتاى مانگى شه‌شی ئەمساڵ له‌پێناو نەهێڵانى گرفتى نیشتەجێبوون و خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیانی کرێنشین و هەژار و كه‌مده‌رامه‌تان، بڕیاریدا بە دروستکردنى 20 هەزار یەکەى نیشتەجێبوونى لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان، کە 6 هەزارى یەکەیان بەر پارێزگاى هەولێر دەکەوێت.