پارێزگاری هەولێر(ئەربیل) رایدەگەیەنێت، دەمانەوێت باشترین و بەرزترین كوالێتی دەرمان لە شارەكەمان و هەرێم دابینبكرێت و رێگە بەهیچ كەس و لایەنێک نەدرێت بەدەر لە رێنماییە زانستی و یاساییەكان هاوردەی دەرمان بكات و هەموو جۆرە دەرمانێكی نایاساییش لەلایەن لیژنەكانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە، ئومێد خۆشناو سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە چاودێری بازاڕو پشكنین و كۆنترۆڵی جۆری خۆراكی بەرهەمهاتوو و هاوردەكراو و كوالێتی دەرمان، كرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێر، لەكۆبوونەوەكەدا كە نوێنەری نوسینگەی سەرۆكی حكومەت و چەند بەرپرسێكی پارێزگاكە ئامادەبوون، پارێزگاری هەولێر لە بارەی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان جەختی لە هەوڵی بەردەوامی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردەوە بە تایبەتی كۆنتڕۆڵی جۆری، لە چاودێری وردی كەرتی دەرمان، وتیشی: “ئامانجی ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان پاراستنی كوالێتی دەرمان و تەندروستی هاووڵاتیانە، بۆیە دەمانەویت باشترین و بەرزترین كوالێتی دەرمان لە شارەكەمان و هەرێمی كوردستان دابینبكرێت و ڕێگە بەهیچ كەس و لایەنێك نەدرێت بەدەر لە رێنماییە زانستی و یاساییەكان هاوردەی دەرمان بكات و هەموو جۆرە دەرمانێكی نایاسایی لەلایەن لیژنەكانەوە دەستییان بەسەردا بگیرێت”.
ئومێد خۆشناو داوای لە لیژنەكانی چاودێری كرد، كار لە سەر تەندروستی و كوالێتی خۆراک بكەن و لە هەڵمەتی چاودێریكردنی بازاڕ و پشكنینەكانیان بەردەوام بن، بە تایبەت لە قوتابخانەكان و ئەو شوێنانەی كە خۆراكی تێدا ئامادەدەكرێت و پێشكەشی هاووڵاتییانی دەكرێت، راشیگەتاند، لە هەر شوێنێك خۆراكی خراپ و ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەرداگیرا، ڕێكاری توندی یاسایی لەگەڵ ئەو شوێنە و خاوەنەكەی دەكرێت.