له بهیاننامهیهكدا مهحمود محهمهد، گوتهبێژی پارتی دیموكراتی كورستان وهڵامی بهرپرسانی پهكهكهی دایهوه و رایگهیاند، پهكهكه به لێدوانی بهرپرسهكانی و كردهوهكانی بووهته مایهی سهرئێشه بۆ خهڵكی كوردستان و گوتی: ئەم جۆرە رەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان.
موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، ئەمڕۆ هۆشداری دا، كە پارتی دیموكراتی كوردستان رێگە لە هاتووچۆی گەریلاكانیان دەگرێت و “لەوانەیە شەڕ رووبدات”، بەڵام لە هەمانكاتدا دەڵێت “بە ئاشكرا بانگ دەكەم و دەڵێم دەمەوێت رێگە لەشەڕ بگرم”.
دەقی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی سەرانی پەکەکە دەداتەوە…
جێگەی داخێكی زۆرە كە لە زۆر بارودۆخی هەستیاردا پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلی كوردستانە.
لە دوایین لێدوانەكانیشیاندا نەفەسی هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری و، ئاوەژووكردنی ڕاستییەكان بە ئاشكرا دیارە. ئەم جۆرە ڕەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و لە ڕاستیدا ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان. ساڵانێكی زۆرە بە سەرانەوەرگرتن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خەڵك، ڕێگەیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند و گەڕانەوەی خەڵكی سڤیل بۆ ناوچەكانیان گرتووە. گۆڕەپانی شەڕ و ململانێكانیان گواستووەتەوە ناو هەرێمی كوردستان و ڕۆژانە هاووڵاتیانی هەرێم باجی مرۆیی و ماددی ئەو ڕەفتاری پەكەكە دەدەن. كارمەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەهید دەكەن و هێشتایش پێیانوایە ئەوان هەڕەشە نین و هەرێمی كوردستان دەپارێزێن!
پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. ئەوان لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان.
لە وەڵامی وتەكانیاندا دەڵێین ئێمە بڕوای تەواومان بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای گەلی كورد و تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە. لێدوان و كردەوەكانتان زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە و بۆ ڕێگەگرتن لە تێكچوونی زیاتری بارودۆخ داوا دەكەین چیتر كێشەی خۆتان و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان.
مەحمود محەمەد
وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
27ـی ئەیلوولی 2020