پادشای بریتانیا بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆماری نوێی عێراق نامەیەکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی دکتۆر لەتیف رەشید کرد و رایگەیاند، پەیوەندییەکانی بەغداد و لەندەن گرنگییەکی تایبەتیان هەیە و جەخت دەکاتەوە لەسەر برەودانی زیاتر بە هاوبەشی و هاوکاری دوولایەنە بە ئاڕاستەی خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلی دۆست.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار نامایەکی پیرۆزبایی لە چارڵزی سێیەم، پادشای بریتانیاوە بەدەستگەیشت بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆماری نوێ.
پادشای بریتانیا لە نامەکەیدا نووسیویەتی، “بەبۆنەی هەڵبژاردنتان بە سەرۆککۆماری عێراق گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانمان گرنگییەکی زۆری هەیە و شانشینی یەکگرتوو دووپاتیدەکاتەوە لە برەودانی زیاتر بەو پەیوەندییانە”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئومێدەوارە هەنگاوی زیاتر بنرێت بە ئاڕاستەی برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلی دۆست و پشتیوانی زیاتر بۆ هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، بۆیە “ئومێدی سەرکەوتن بۆ ئێوە و گەلی عێراقیش دەخوازم”.