٢٠٢٠ بووە ساڵێک کە هەموو جیهانی لە ماڵەکاندا زیندانی کرد و ناچاری رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان کرد.
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ(کۆڤید-١٩) کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا جیهانی خستە ژێر کاریگەرییەکانی خۆی و رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە شێوازێکی جیاوازتر هاتنەکایەوە.
لە ساڵی ٢٠٢٠دا چی روویدا؟ وەرن با بە یەکەوە بە بیر خۆمانی بهێنینەوە کە لە ماوەی ئەم ساڵدا چی روویدا.
لە بەرواری ٣ی کانوونی دووەم، لە بەغدادی پایتەخت، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەردەستەی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی لە ئەنجامی بۆردومانی فرۆکە جەنگیەکانی ئەمریکا کوژران.
لە بەرواری ٨ی کانوونی دووەم، فڕۆکەیەکی هێڵە ئاسمانەییەکانی ئۆکڕانیا لە جۆری بۆیینگ-٧٣٧ لە تاران-ی پایتەختی ئێران کەوتە خوارەوە و لە ئەنجامدا ١٧٦ سەرنشینی نێو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.
لە بەرواری ٢٤ی کانوونی دووەم، لە پارێزگای ئەلعەزیز-ی تورکیا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦،٨ بە پلەی رێختەر روویدا، ٤١ کەس گیانیان لەدەست دا و ١٤٦٦ کەسیش بریندار بوون.
لە بەرواری ٢٦ی کانوونی دووەم، یاریزانی بەناوبانگی تۆپی باسکە، کۆبی براینت-ی ئەمریکی و کچەکەی، لە کالیفۆرنیا بەرووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی گیانیان لەدەست دا.
لە بەرواری ٢٤ی شوبات، یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ(کۆڤید-١٩) لە پارێزگای نەجەف لە قوتابییەکی ئێرانی تۆمارکرا.
لە بەرواری ٧ی ئایار، دوای ٥ مانگ لە بەتاڵبوونی پۆستی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی ئەو پۆستەی پێدرا.
لە بەرواری ٢٥ی ئایار، جۆرج فلۆید-ی رەش پێست لەلایەن پۆلیسی ئەمریکا بەشێوەیەکی نامرۆڤانە کوژرا، ئەم رووداوەش خۆپیشاندان و دەنگی نارەزایی هەزاران ئەمریکی لێکەوتەوە.
لە بەرواری ٢ی حوزەیران، عەلی هادی، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەست دا.
لە بەرواری ٢١ی حوزەیران، ئەحمەد رازی، یاریزانی ئەفسانەی هەڵبژاردەی عێراق بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گیانی لەدەست دا.
لە بەرواری ٧ی تەمموز، هاشم هاشمی، سیاسەتمەدار و پسپۆڕی ئەمنی عێراقی، لە ئاکامی هێرشێکی چەکداری لە بەردەم ماڵەکەی لە بەغداد کوژرا.
لە بەرواری ٣١ی تەمموز، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند کە لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێڕاق ئەنجام دەدرێت.
لە بەرواری ٤ی ئاب، لە کۆگاکانی عەمبارکردنی تەقەمەنی بەندەری بەیروت، لە کۆگای ژمارە ١٢ رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە روویدا و دواتر تەقینەوەیەکی بەهێز روویدا کە تەواوی شارەکەی هەژاند. لە ئاکامی تەقینەوەکە ١٦٣ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٦ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە بەرواری ٢٧ی ئەیلوول، بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئەرمینیا بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوونی مەدەنی ئازەربایجان، پێکدادانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەستی پێکرد.
لە بەرواری ٩ی تشرینی یەکەم، بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە بوونی رێکخراوی تیرۆرستی پەکەکە لە سنجار، رێککەوتننامەی سنجارلە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم واژۆ کرا.
لە بەرواری ٣٠ی تشرینی یەکەم، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە ئیزمیر-ی تورکیا بە گوڕی ٦،٦ پلەی رێختەر روویدا، ١١٤ کەس گیانیان لەدەست دا و ١٠٣٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە بەرواری ٧ی تشرینی دووەم، سەرکەوتنی جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی ٥٩هەمین خولی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیەندرا کە لە ٣ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنەکە ئەنجامدرابوو.
لە بەرواری ١٠ی تشرینی دووەم، ئەو رێککەوتنەی کە کۆتایی بە داگیرکاری ئەرمینیا لە ناوچە شاخاوییەکانی قەرەباغ هێنا، واژۆکرا.
لە بەرواری ١٤ی تشرینی دووەم، عەلی ئیلیاس وەکوو (بابە شێخ) سەرکردەی روحانی یەزیدییەکان دیاری کرا.
لە بەرواری ١٨ی تشرینی دووەم، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر(ئەربیل) بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو نەخۆشخانەی کەتێدا چارەسەری وەردەگرت کۆچی دوایی کرد.
لە بەرواری ٢٥ی تشرینی دووەم، دیگۆ مارادۆنا، ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین بەهۆی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.
لە بەرواری ٢٩ی تشرینی دووەم، موراد گەدیک، سکڕتێری مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراقی، لە نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە کۆچی دوایی کرد.