قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی ،”هەبوونی پەیوەندی لە نێوان هەردوو وڵاتی برا، عێراق و سووریا، شتێکی پێویستە و بەرژەوەندی هاوبەشی تێدایە، بەڵام ئامادەبوونی سەرۆکی راگوزەری سووریا لە عێراق هێشتا زووە.”
ئەحمەد شەرع، ناسراو بە ئەبو محەمەد جۆلانی، سەرۆکی پێشووی دەستەی تەحریری شام و سەرۆکی ئێستای سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، لە عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە.
ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق دەڵێت: “ئەگەر یاسا جێبەجێبکرێت و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر بکرێت، لەوانەیە لێکەوتەی هەبێت.”
خەزعەلی داوای کرد، “لەسەر بنەمای کارکردن بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، پێویستە هەمووان پابەندی بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەری عێراق بن و رێزی لێبگرن.”
بڕیارە 17ـی مانگی داهاتوو لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغداد بکرێت، لە کاتی بەشداریکردنی لە دیداری سلێمانی، رۆژی چوارشەممە 2025-04-16 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بانگهێشت دەکرێت بۆ لووتکەکە؟” گوتی، “بەڵێ، بە فەرمی بانگهێشتنامەمان بۆ ناردووە، بەخێربێت بۆ ئامادەبوون و بەشداری لە کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبیدا.”