دوا بە دوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزری تەندروستی و وەزیری دارایی، ئەمڕۆ چوارشەممە ویل کوینس، وەزیری کاروباری منداڵ و خێزان ـی بەریتانیا وازهێنانی خۆی لە پۆستەکە راگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ـی 7ـی 2022، ویل کوینس، وەزیری کاروباری منداڵ و خێزانی بەریتانیا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکە راگەیاند. ئەمە لەماوەی دوو رۆژدا دووەم هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەیە و دوێنێ هەریەکە لە ساجید جاڤید، وەزیری تەندروستی و ریشی سوناک، وەزیری دارایی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاندبوو.
هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری تەندروستی و وەزیری دارایی بۆ رەخنەکانیان لەدژی بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەگەڕێتەوە. میدیاکانی بەریتانیا شوێنێکی گەورەیان بە دەستلەکارکێشانەوەکەی هەردوو وەزیرەکە داوە، بەشێوەیەک، رۆژنامەی گاردیان رایگەیاندووە، “بۆریس جۆنسن بو کوێرایی و شەلەشەلەوە بەردەوامە بەڵام تاکەی بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت؟”.
هاوکات ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ئێستادا دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکان نەبووەتە پاڵنەرێک بۆ دەستلەکارکێشانەوەی زیاتر بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی پارتی پارێزگاران ی بەریتانیا پێیان وایە کە کۆتایی بۆریس جۆنسن نزیک بووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی تایمز بە مانشێتی “جۆنسن لە کەناردایە” باسی رووداوەکانی بەریتانیای کردووە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە کە بۆریس جۆنسن بە راوێژکارانی راگەیاندووە کە هەموو شت وەکو خۆی بەردەوامە و بڕیاری داوە لەپێناو سەرکەوتن بجەنگێت. بەڵام رۆژنامەی تایمز پێی وایە کە ئەستەمە جۆنسن بتوانێت ئەو جەنگە بباتەوە.