وەزیری کارەبای ھەرێم جەخت دەکاتەوە کە نزیکەی 16 کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتییان دەدرێت.
کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای ھەرێم رایگەیاند، کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ پێشخستنی کەرتی کارەبامان کردووەتە پلانی وەزارەت، لەم سێ ساڵەدا پلانەکەمان لە هەر سێ سێکتەری بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا جێبەجێ کردووە.
وتیشی، “لە بواری بەرهەمهێنان، 615 مێگاوات کارەبامان زياد کردووە، لە وێستگەی خەبات 300 مێگاوات، لە گەرمیان 165 مێگاوات و لە دووکان و دەربەندیخان 150 مێگاوات کارەبا زیادکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە ژێرخانی کارەبای هەرێم 6700 مێگاواتە و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا 3500 مێگاواتە.
ئەوەشی ئاشکراکرد، دەوروبەری 16 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتیان دەدرێت و بەرهەمهێنانی کارەبای 24 کاتژمێری پێویستی بە سووتەمەنی و تێچوونی زیاتری هەیە.
جەختی لەوەکردەوە، وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، خۆی لەگەڵ داهاتی هەرێم گونجاندووە و ساڵی داهاتوو بە بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی گاز، هەندێ لە وێستگەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەگەڕ دەخرێن.
کەمال محەمەد ئەوەشی خستەڕوو کە تەنیا بەڕێوەبردنی سێکتەری دابەشکردنی کارەبا دەدرێتە کەرتی تایبەت و پێوەری زیرەکیش تەنیا بۆ رێکخستن و کۆنترۆڵ کردنی کارەبایە.
راشیگەیاند، لە سێکتەری گواستنەوە 63 پڕۆژە بە بڕی 294.7 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراون.