وەزیری کارەبا: رۆژانە 16 کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتییان دەدرێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • وەزیری کارەبا: رۆژانە 16 کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتییان دەدرێت

وەزیری کارەبا: رۆژانە 16 کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتییان دەدرێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
وەزیری کارەبا: رۆژانە 16 کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتییان دەدرێت
0

لایک

وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا رۆژانە 16 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێت و وتیشی، “چوار وێستگەی دیکەی تایبەت بە بەرھەمھێنانی کارەبا دادەمەزرێنن”.

ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی 7ـی 2022، کەماڵ محەمەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم پێشوازیی لە عادل کەریم، وەزیری کارەبای عێراق کرد و لە دیدارەکەدا رێکخستن و بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق و ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرا.

لەوبارەیەوە وەزارەتی کارەبای ھەرێم ئاماژەی بەوەکرد لە دیدارەکەدا، بابەتی رێکخستن و بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق و ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کراوە و راشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی دابینکردنی پارە بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ تایبەت بە بەرھەمھێنان و گواستنەوەی کارەبا.

شایەنی باسە دوا بە دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی، هەردوو وەزیرەکە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا و سەرەتا کەمال محەمەد ساڵح لەبارەی ھێرشەکەی دوێنێ دووشەممە 25ـی تەمووزی 2022 بۆسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لەبارەی ھێرشەکەوە بەردەوامە و وتی، “ئەرکی حکوومەتی عێراقە، ئەنجامدەرانی ھێرشەکە دەستگیر بکات”.

هاوکات وەزیری کارەبای حکومەتی ھەرێم باسی لەوەش کرد کە لەئێستادا، رۆژانە 16 کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتییان دەدرێت و وتیشی، “چوار وێستگەی دیکەی تایبەت بە بەرھەمھێنانی کارەبا دادەمەزرێنن”.

لەبەرامبەردا عادل کەریم، وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا لەگەڵ وەزیری کارەبای ھەرێمی کوردستان، بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق و ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کردووە و لەبارەی پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە تۆڕی کارەبای وڵاتانی کەنداو، ئاماژەی بەوەدا کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دوو ساڵ دەخایەنێت.

وەزیری کارەبای عێراق راشیگەیاند، “ئەگەر ھەرێمی کوردستان گازی زیاتر بەرھەمبھێنێت، ئەوا ئامادەین بیکڕین”.