وەزیری پەروەردەی حکومەتی عێراق لەبارەی دزینی پرسیاری قۆناغی سێیەمی ناوەندی رایگەیاند، “لە 1ـی مانگی حوزەیران بۆمان دەرکەوت کە پرسیارەکان دزراون و دزەپێکردنی پرسیارەکانیش لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رەسافە دوو بووە”.
لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا عەلی دلێمی، وەزیری پەروەردەی عێراق ئاماژەی بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دزینی پرسیاری قۆناغی سێیەمی ناوەندی کرد و رایگەیاند کە پرسیارەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رەسافە دووەوە دزراوە بەڕێگەی پاسەوانی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکە.
هاوکات دلێمی باسی لەوەشکرد کە لێژنەی ئەزموونەکان کەمتەرخەمییان هەبووە لە پاراستنی پرسیارەکان و بەو پێیەش پاسەوانەکە توانیویەتی بگاتە پرسیارەکان و دەرگای کۆگاکانی کردووەتەوە و دواتر فۆشتوویەتی و لە پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاویکردووەتەوە.
وەزیری پەروەردەی عێراق ئەوەشی وت کە تاوەکو ئێستا 5 کەس دەستگیرکراون لەلایەن دەزگای پاراستنی نیشتمانی و سێ لەوانە فەرمانبەری وەزارەتن، یەکێکیان پاسەوانەکەیە و یەکێکیشیان یارمەتیدەریان بووە لە دزینی پرسیارەکان و دواتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردووەتەوە.
لە کۆنفرانسەکەدا وەزیری پەروەردە باسی لەوەکرد کە دزینی پرسیاری ئەزموونەکان شتێکی چاوەڕوانکراوە نەوەک تەنها لەسەر قوتابخانەکان و پەیمانگەکان ـی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، بەڵکو لە زانکۆکان و پەیمانگا باڵاکانیش هەمان کێشە هەیە.