ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند “دەبێت پێداچونەوە بە سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێم بکرێت”.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە .
بەپێی راگەیەندراوەکە ئیحسان عەبدولجەبار وتوویەتی، “لەو کۆبونەوەیەدا جەختمان لەسەر ئەوەی دەبێت پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێم بکرێت و کۆمپانیایەکی نەوتی بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتی ھەرێم پێک بھێندرێت”.
وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاندووە ” وەزارەتی نەوت پابەند دەبێت بەو پێشنیارانەی کە پێشتر خستووەتەڕوو بۆ بەڕێوەبردنی نەوتی ھەرێم”.
لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق یاسای نەوت و گازی ساڵی ٢٠٠٧ی ھەرێمی کوردستانی بە نادەستووری ناوبرد و داوای کرد کە بەرھەمەکانی نەوتی رادەستی بەغدا بکرێنەوە.
ئەو بڕیارە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەلایەن سەرۆکایەتییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە رەتکرابووەوە.