وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم رایگهیاند، بەپێی ئەو پلانەی دایاننابوو، وەزارەتەکەیان توانیویەتی لە ساڵی رابردوودا 55%ی داهاتی وەزارەتەکەیان زیاد بکەن و بەشێکی ئەو داهاتەش بۆ خزمەتگوزاری شارەوانییەکان خەرج دەکرێتەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم له لێدوانێكدا به میدیای حكومهتی راگهیاندووه، “بەردەوام لە هەوڵی رێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکانمان بووین کە بەپێی پلانێک کە لە کۆتایی ساڵی 2021 بۆ ساڵی 2022ـمان دانا و ئامانجان ئەوە بوو کە بتوانین داهاتەکانمان 35% بە بەراورد بە داهاتەکانی ساڵی 2021 زیاد بکەین”.
ئاماژهی بهوهشكردووه، “دەتوانین بڵێین تاکو 22ی کانونی یەکەمی 2022 کە دوا رۆژی دەوامی فەرمی دامودەزگاکان بوو، داهاتی سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، 306 ملیار و 250 ملیۆن دینار بووە کە بە بەراورد بە رێژەی پارساڵ و ئەو پلانەی داماننابوو، توانیومانە 55% داهاتەکانمان زیاد بکەین”.
وتیشی، ”پلانی خۆمان ئەوەبوو کە داهاتەکە 35% بێت، بەڵام بە هەوڵ و توانای وەزارەت و هەموو بەڕێوەبەرە گشتییەکان و هەموو سەرۆکایەتییە گشتییەکان و سەرۆکایەتییە شارەوانییەکان، هەموو فەرمانگەکان و دەستەی گەشتوگوزار و هەموو فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، توانرا رێژەی داهاتمان 55% بە بەراورد بە ساڵی 2021 زیاد بکەین”.
ساسان عەونی ئاماژەشی بەوەدا کە ئەوان بە دوو شێوە دەتوانن سوود لەو داهاتە وەربگرین کە 15%ی ئەو داهاتە لە هەر سەرۆکایەتییەکی شارەوانی لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی دەکرێتەوە خزمەتگوزاری بۆ هەمان شارو شارۆچکە و خزمەتگوزاری شارەوانی پێ ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە کەرتی ئاویش روونیکردەوە، کە 17%ی ئەو داهاتە دەکرێتەوە پرۆژەی خزمەتگوزاری و پرۆژەی خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆی لە شارو شارۆچکەکان پێ ئەنجام دەدرێت.