فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ هەریەک لە هاوتا ئوردنی و میسرییەکەی بابەتی لێکەوتەکانی قەیرانی ئۆکرانیا دوای 100 رۆژ بۆسەر وڵاتانی عەرەبی خستەڕوو.
فوئاد حوسێن ، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هەریەک لە ئەیمەن سەفەدی، هاوتا ئوردنییەکەی و سامح شوکری، هاوتا میسرییەکەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان لە بەغدادی پایتەخت ئەنجامدا و تیایدا وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، “لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ هاوتا ئوردنی و میسرییەکەم تاوتوێی قەیرانی ئۆکرانیا و لێکەوتەکانی لەسەر وڵاتانی عەرەبی و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە تاوتوێکرا”.
وتیشی، “لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئوردن و میسر ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی ئابووری کرا” و لە بەرامبەردا ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، “هەوڵەکانمان لە چوارچێوەی زاڵبوونە بەسەر تەحەدییاتە هەرێمییەکان، ئێمەش بە هەموو شێوەیەک پشتگیری تەواوی عێراق دەکەین لەم پرسەدا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “رێککەتنەکانمان لەگەڵ عێراق لەبواری بەستنەوەی کارەبا لە دەستپێکی ساڵی داهاتوودا دەستپێدەکات و بەرێژەی 90%ـیش رێککەوتووین لەسەر دروستکردنی شارێکی پیشەسازی لەگەڵ عێراق”.
هەرلە کۆنگرەکەدا سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر ئاماژەی بەوەدا، “بەردەوام دەبین لە هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ بەغداد و عوممان بۆ چەساپاندنی ئەمنییەتی نیشتمانی عەرەبی، لێرەدا ئیرادەیەکی سیاسی بۆ چەسپاندنی یارمەتی نێوان میسر عێراق ئوردن بوونی هەیە”.