وەزیری دارایی و ئابووری چەند بڕیارێکی گرنگ لەبارەی بوژاندنەوەی کەرتی بازرگانی دەردەکات
  • TEBA KURDİ
  • Uncategorized
  • وەزیری دارایی و ئابووری چەند بڕیارێکی گرنگ لەبارەی بوژاندنەوەی کەرتی بازرگانی دەردەکات

وەزیری دارایی و ئابووری چەند بڕیارێکی گرنگ لەبارەی بوژاندنەوەی کەرتی بازرگانی دەردەکات

لەسەر راسپاردەی وەزیری دارایی و ئابووری دابینکردنی 200 دۆنم زەوی بۆ کۆگاکانی بازرگانان كە ئەمیش دەبێتە هۆی رەخساندن 2000 هەلی كار بۆ ناوچەی گەرمیان

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
وەزیری دارایی و ئابووری چەند بڕیارێکی گرنگ لەبارەی بوژاندنەوەی کەرتی بازرگانی دەردەکات
0

لایک

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و نوێنەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری سەرجەم بنکە جیاوازەکانی ناو دەروازەکە و نوێنەری بازرگانانی سنووری ئیدارەکە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا و 10 بڕیاری ده‌ركرد.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێم، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری ھەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممه‌ بە یاوەری یاسین واحید، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و بە ئامادەبوونی ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێم و سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و نوێنەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری سەرجەم بنکە جیاوازەکانی ناو دەروازەکە و نوێنەری بازرگانانی سنووری ئیدارەکە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وەزیری دارایی و ئابووری رایگەیاند، “لەژێر ڕۆشنایی بەدواداچوون و ئامارەکانی بەردەست جووڵە بازرگانی و گەشتیارییەکان لە ڕێگەی دەروازەکەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هه‌بووه‌ لە کۆکردنەوەی داھات و مووچەی مووچەخۆران و بودجەی پرۆژەکان”.

بڕیاره‌كانی وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم بریتین لە:

یه‌كه‌م: لەمەودوا بارەکانی ترانزێت کڵۆم دەکرێت و بەبێ مەئمور بەڕێدەکرێت.

دووه‌م: بازرگانان ئازادن لە بازرگانی کردن و حساباتی ڕەسیدیان لەگەڵ ناکرێت.

سێیه‌م: لابردنی ڕەسید بۆ ھەموو ئەو بارانە كە لە دەروازەكان هاوردە دەكرێت.

چواره‌م: پیاداچوونەوە دەكرێت بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرک.

پێنجه‌م: پێداچوونەوە بە لێخۆشبوونی (202) ماددە کە حکومەتی عێراق لێخۆشبوونی بۆ کردووە.

شه‌شه‌م: تەسریحەی گومرکی تەنھا یەک جار پارە وەردەگیرێت واتا لە دوو بارە بوونەوە هیچ بڕه‌ پارەیه‌ك وەرناگیرێت.

حه‌وته‌م: کرێی بارھەڵگرەکان مەرزی پەروێزخان ڕێکدەخرێتەوە.

هه‌شته‌م: پێداچوونەوە بەکرێی پشكنینی كومپانیاكانی کوالیتی کۆنترۆڵی دەروازەكان دەکرێت.

نۆیه‌م: پێداچوونەوە بە پاراستنی بەروبوومی ناوخۆیی دەکرێت لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.

ده‌یه‌م: لەسەر راسپاردەی وەزیری دارایی و ئابووری دابینکردنی 200 دۆنم زەوی بۆ کۆگاکانی بازرگانان كە ئەمیش دەبێتە هۆی رەخساندن 2000 هەلی كار بۆ ناوچەی گەرمیان.