وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، ناردنی پارە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەردوولا دەگەنە رێکەوتن، جەختیشدەکاتەوە تائێستا هەرێم داهاتەکانی رادەست نەکردووە.
ئەمڕۆ هەینى 22ى نیسانى 2022، عەلى عەللاوی، وەزیرى دارایی عێراق لە پەراوێزى بەشداریکردنى لە کۆبوونەوەکانى وەرزى بەهارەى رێکخراوى بانکى نێودەوڵەتی و سندووقى نەختینەى نێودەوڵەتى لە واشنتۆن قسەی بۆ کەناڵى عێراقیەى نیمچە فەرمى کردووە رایگەیاندووە، هەرچەندە حکومەتی هەرێم هیچ بڕە پارەیەکی رادەستی حکومەتی فیدڕاڵ نەکردووە، بەڵام تاکو رێککەوتنی هەردوولا ناردنی پارە بۆ هەرێم بەردەوامیی دەبێت.
عەلى عەللاوی ئاماژە بەوەشدەکات، حکومەتى فیدڕاڵى هیچ بڕە پارەیەکى لە هەرێم وەرنەگرتووە، بەڵام بە وتەى ئەو هەولێر(ئەربیل) پەیوەستە بەوەى داهاتى نەوت و گومرگ و باج رادەست بکات و وتیشی، “حکومەتى فیدڕاڵى بڕێکى دیکەى پارەى داوەتە هەرێمى کوردستان لەپاش ئەوەى ساڵى رابردوو نەیتوانى پارەى مووچەى فەرمانبەرانى مەدەنى بدات، بەردەوامیش دەبین لەو هەنگاوە تاکو ئەوکاتەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى دەگەنە رێککەوتن لە نێوانیان”.
بەگوێرەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، پێویستە بەغداد مانگانە 200 ملیار دینار بۆ مووچە بنێرێت، بەڵام چەند مانگێکە ناینێرێت یاخود دوای دەخات.