کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکراینا لە ئەنتاڵیای تورکیا کۆتاییهات و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا رایگەیاند، هیچ رێککەوتنێکیان لەبارەی ئاگربەستەوە نەکردووە و خۆیان بەدەستەوە نادەن، بەڵام رێککەوتوون لەگەڵ رووسیا کار لەسەر پرسی هاوکاریی مرۆیی بکەن.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا دوای کۆبوونەوەیان لە ئەنتاڵیا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ رووسیا رێککەوتوون کە بەردەوامبن لە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی هاوکاریی مرۆیی لە ئۆکرانیا.
ئامادەیی خۆیشی دەربڕی کە دووبارە لەگەڵ لایەنی رووسی کۆببێتەوە ئەگەر گفتوگۆی جیددی لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارە و چارەسەری دۆخەکە بکرێت.
هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا وتئ، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا رەتیناکاتەوە کە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببێتەوە، بەڵام هەندێک ئامادەکاری هەن کە دەبێت تەواوبکرێن، داواکاریی زێلێنسکیش بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پوتین بە “خۆدەرخستن” ناودەبات.
شایەنی باسە، کۆبوونەوەی وەیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکرانیا، لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسییە کە بڕیارە لە 11 تاکو 13 ئەم مانگە لە پارێزگای ئەنتاڵیای تورکیا بەڕێوەبچێت.