لە هەفتەی داهاتوودا 200 مێگاوات كارەبا زیاد دەبێت و راستەخۆش كاریگەری لەسەر زیادبوونی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا بۆ هاوبەشان دەبێت.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند، “لە درێژەی پڕۆژەکانی وەزارەت، هەفتەی داهاتوو 200 مێگاوات كارەبای نیشتمانی زیاد دەبێت؛ ئەوەش وا دەكات، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاتر بن”.
ئەوەشی ئاشکراکرد، “لە کۆتایی ئەم مانگەدا، وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی 500 مێگاوات کارەبا لە بازیان بەگەڕ دەخرێت، وێستگەكە توانای 500 مێگاوات كارەبای هەیە، بەڵام غازی سروشتی تەنیا بەشی 200 مێگاوات كارەبای هەیە و هەوڵ دەدەین غاز بۆ 300 مێگاواتەكەی دیكەش دابین بكرێت، تاكو بە ئەوپەڕی توانای خۆی كارەبا بدات”.
باسی لەوەش کرد، “لەگەڵ ئەوەی ئێستا بەهۆی هاتنی شەپۆلی سەرماوە خواستێكی زۆر لەسەر كارەبا هەیە، بەڵام توانراوە بڕە كارەبایەكی باش بدرێت”.
وتیشی، “ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمی نەکردووە و جێگیرە؛ وەزارەتی کارەبا لە هەوڵی ئەوەدایە بەرهەمێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆر گەشە پێبدات کە دەبێتە هۆی پاکڕاگرتنی ژینگە و زیادبوونی کارەبا”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە جێگەی وەبیرهێنانەوەیە ئێستا ژێرخانی کارەبای هەرێم توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە حەوت هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا 3 هەزار و 500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت.