عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق بە وەکالەت، رایگەیاند، پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ تورکیا تەواو کراوە.
عادل کەریم لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر گاز و سووتەمەنی دیکە بۆ وەزارەتی کارەبا دابین بکرێت، ئەوا رەوشی کارەبا لە ھاوینی داھاتوودا، باش دەبێت.
وەزیری کارەبا بە وەکالەت وتیشی “پلانی خۆمان بۆ باشکردنی رەوشی کارەبا ھەیە و ئومێد دەکەین لیژنەی دارایی دەرماڵە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان، دروستکردنی ھێڵەکانی راکێشانی کارەبا و کڕینی بگۆڕ تەرخان بکات. تیمەکانمان سەرجەم کارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ھێڵەکانی گواستنەوەی کارەبایان تەواو کردووە”.
عادل کەریم راشیگەیاند کە پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ تورکیا تەواو کراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەیش دا کە پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ ئوردن لەژێر جێبەجێکردن دایە.
عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق بە وەکالەت وتیشی “دانوستانەکان بەردەوامن لەبارەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ کەنداو”.