وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان: لە ماوەیەکی نزیکدا روفاتی 171 شەهیدی جینۆسایدکراو دەگەڕێنینەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان: لە ماوەیەکی نزیکدا روفاتی 171 شەهیدی جینۆسایدکراو دەگەڕێنینەوە

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان: لە ماوەیەکی نزیکدا روفاتی 171 شەهیدی جینۆسایدکراو دەگەڕێنینەوە

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، لەماوەیەکی نزیکدا روفاتی 171 شەهیدی جینۆسایدکراو دەگەڕێننەوە.

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان: لە ماوەیەکی نزیکدا روفاتی 171 شەهیدی جینۆسایدکراو دەگەڕێنینەوە
0

لایک

لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەبارەی گەڕاندنەوەی 171 روفاتی جینۆسایدکراو دەڵێت، “ماوەیەكە لەلایەن كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی تاوانەكانی جینۆساید و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، پرسیار دەكرێت لەبارەی ڕوفاتی قوربانیانی تاوانەكانی ئەنفال كە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی باشوری عێراق زیندەبەچاڵ كرابوون “.

هاوکات لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، “هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئەركی گەڕان بەشوێن چارەنووسی قوربانیانی ئەو تاوانانە و دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و دواتریش هەڵدانەوەیان لەچوارچێوەی تیمی نیشتمانی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی عێراق، بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ژمارە (5)ی ساڵی ( 2006) , هێنانەوەی ڕوفاتی شەهیدەكانی بۆ كوردستان كردۆتە پێشینەی كارەكانی ، لەو چوارچێوەیەشدا لەساڵی (2019) و لەكاتی دۆزینەوەی ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵ لە بیابانی سەماوە و بە دیاریكراوی لەناوچەی (تل الشیخیە)، بەڕێوەبەرایەتی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی وەزارەتمان بەهەماهەنگی دەزگای شەهیدانی عێراق تیمەكانیان ناردە شوێنی گۆڕەكان و بەشداربوون لەهەڵدانەوەی گۆڕەكان و گواستنەوەی ڕوفاتی (171)شەهیدی جینۆسایدکراو بۆ پزیشكی دادی بەغداد بەمەبەستی ئەنجامدانی شیكاری و گرتنەبەری ڕێكارە یاسایی و زانستیەكان و دواتر هێنانەوەیان بۆ كوردستان”.

شایەنی باسە لە روونکردنەوەکەدا لەبارەی ئاستەنگەکان بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتەکان هاتووە، “بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا (کۆڤید ١٩)ەوە بۆ ماوەیەك ئەو كارە دواكەوت و پاش ڕەوینەوەی ئەو پەتایە وەزارەتمان بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەنديدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، ئامادەكاری پێویستی ئەنجامدا بۆ هێنانەوەی شكۆمەندانەی ڕوفاتەكان و بەخاكسپاردنەوەیان لە زێدی خۆیان. بۆ ئەم مەبەستەش جارێكی تر شاندی وەزارەت و پزیشكی دادی هەولێر لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا سەردانی دەزگای شەهیدانی عێراقیان كردوو گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە كرا و بڕیاردرا لەماوەیەكی نزیكدا لەڕێوڕەسمێكی شایستەدا ئەو ئەركە نیشتمانیە بگاتە ئەنجام”.

وەزارەتی ناوبراو باسی لە چەند پەرلەمانتاریکی کورد کردوو ەکە رێگرییان لە پرۆسەکە کردووە و تێیدا هاتووە، “جێی داخە كە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك بەناوی كەس وكاری قوربانیان نامەی ناڕەزاییان لەگەڕاندنەوەی ڕوفاتەكان دایە دەزگای شەهیدانی عێراق ، كە ڕازی نین بەو ڕێكارانەی پێشتر گیراونەتەبەر بۆ هێنانەوەی رووفاتی شەهیدانی گۆرەبەکۆمەڵەکان و شەهیدانی جینۆسایدكراو گرفتیان بۆ ئەو پڕۆسەیە دروست كرد “.

لە کۆتاییدا لە روونکردنەوەکەدا راگەیەندراوە، “بۆ ئەم مەبەستە بەڕێز وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران كرد و تیایدا گفتووگۆی چڕوپڕ لەم بارەیەوە كرا و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان جەخت لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی ئەو ڕوفاتانە دەكاتەوە كە ژمارەیان (171)ڕوفاتە و هەموو ئامادەكاریەكیشی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامداوە و هەوڵەكانیش بەردەوام دەبێت بۆ هێنانەوەی ئەو ڕوفاتانە”.