وەزارەتی پەروەردە چەند بابەتێکی لە قوتابخانەکاندا قەدەغەکرد
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • وەزارەتی پەروەردە چەند بابەتێکی لە قوتابخانەکاندا قەدەغەکرد

وەزارەتی پەروەردە چەند بابەتێکی لە قوتابخانەکاندا قەدەغەکرد

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
وەزارەتی پەروەردە چەند بابەتێکی لە قوتابخانەکاندا قەدەغەکرد
0

لایک

وەزارەتی پەروەردە، بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی (هەڵگرتنی چەک، جگەرە کێشان، ریکلامی بازرگانی و سیاسی، توندوتیژی و بەکارهێنانی مۆبایل) لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا.

لە گشتاندنێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمدا، کە واژووی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە و (رۆژی 12ی ئەیلوولی 2022) ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەکراوە، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، هەموو ئەو کارو رەفتارانەی لەگەڵ پەیامی پەروەردەیی و فێرکردندا ناگونجێن رێگەپێنەدراون.

ئەو بابەتانەی وەزارەتی پەروەردە رێگەی پێنەداون (قەدەغەکراون) بریتین لە:-

1. هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک و ئامێری بریندارکەر و مەترسیدار، جگە لە رێکاری کارگێری، پێویستە لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەوە، لایەنی پەیوەندیداری حکومەت، لە هەر حاڵەتێک ئاگادار بکەنەوە.

2.جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان (بەهەموو جۆرەکانییەوە).

3. چالاکی دوور لە پەروەردە و فێرکردن و ریکلامی بازرگانی و چالاکی سیاسی.

4. بەکارهێنانی توندوتیژی (جەستەیی و دەروونی و مەعنەوی) و بەکارهێنانی رەفتاری یەکتر شکاندن.

5. بەکارهێنان و نیشاندانی ئەو دروشمانەی لەگەڵ بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلی کوردستان ناگونجێن.

6. بەکارهێنانی ئامێری مۆبایل و ئامێری زیرەک بۆ (وێنەگرتن یان ڤیدیۆ تۆمارکردن و کردنەوەی لایڤ لە کاتی وانە وتنەوە) بە هەموو جۆرێک رێگە پێنەدراوە.

قەدەغەکردنی ئەو بابەتانە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە، سەرپەرشتیاران، بەڕێوەبەر و یاریدەدەر، مامۆستایان و قوتابیان دەگرێتەوە، بۆ جێبەجێکردنیشی پێویستە پەروەردەی قەزاکان، بۆ ئەمساڵی خوێندن، لیژنەی هەمیشەیی پێکبهێنن.

ئەمڕۆ سێشەممە (13ی ئەیلوولی 2022) ساڵی خوێندنی 2022 بۆ 2023 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەگوێرەی ئەو داتایانەی ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە رایگەیاند، ئەمساڵ نزیکەی 100 ملیار دینار بۆ پرۆسەی خوێندن تەرخانکراوە و لە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوەندەکانی خوێندن، نەوتی سپی و چاپکردنی پەرتووکی نوێی خوێندندا خەرجکراوە.