وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ساڵنامەی خوێندنی (2022-2023)ـی سەرجەم قۆناغەکانی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی خشتە راگەیەندراوەکەش 13ی مانگی داهاتوو یەکەم رۆژی دەوام دەبێت و 8ـی (ئایار/5)ـی 2023ش ساڵی خوێندن کۆتایی دێت.
وەزارەتی پەروەردە لە نوسراوێکدا کە ئەمڕۆ ئاڕاستەی پەروەردەی گشتی پارێزگاکانی کردووە و واژۆی نورەدین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان و هەڵسەنگاندنی لەسەرە، باس لەوەکراوە، ساڵنامەی خوێندنی (2022-2023) سەرجەم قوتابخانە، باخچە، خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکانیش دەگرێتەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە، ساڵنامەی خوێندنی (2022-2023) رۆژی 13-9-2022 لە سەرجەم باخچە، خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان دەستپێدەکات.
ئەوەش خراوەتەڕو، 8ـی (ئایار/5)ـی 2023 تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان کۆتایی دێت کە دەبێتە کۆتایی ساڵی نوێی خوێندن، هەروەها تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی رۆژی 03-06-2023 دەستپێدەکەن و 27ی هەمان مانگیش کۆتایی دێت.