وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاكو ئێستا 14 ھەزار کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە.
بازرگانی و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لە عێراق گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و ھەڵمەتێکی فراوانی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ دەستگیرکردنیان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە.
خالید موحەنا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاكو ئێستا، نزیكەی 14 هەزار بازرگان و بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەر لەو ھەڵمەتەی ھێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراون و ھەڵمەتەكەش بەردەوامە.
ھاوكات وەزارەتی تەندروستی عێراق لهمبارهیهوه رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاكو ئێستا، چوار ھەزار و 500 بەکارھێنەری ماددە ھۆشبەرەکان چارەسەریان بۆکراوە و ئاماژە بەوەشكراوە، زۆربەی بەكارھێنەرەكان تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 30 ساڵیدایە.
لە ساڵی 2020 نزیكەی 7 هەزار كەس و لە ساڵی 2021دا 13 ھەزار بازرگان و بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەر لە عێراق دەستگیرکرابوون، بەڵام ئەمساڵ رێژەكە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.