وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، رێنماییەکانی پێدانی مۆڵەتی چەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی چەک لەلایەن وەزیری ناوخۆ، پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت.
لە رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، “مۆڵەتی دەستداری و هەڵگرتن و نوێکردنەوەی چەکی ئاگرین تفاقی، بەپێی ماددەی پێنج لە یاسای چەک، دەدرێت بە هاووڵاتییانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان”.
ئەوەش هاتووە، “بڕی تفاقی رێگەپێدراو بۆ چەکی ئاگرینی مۆڵەت پێدراو بەمشێوەیە دەبێت، چەکی ئاگرین لە جۆری دەمانچە 45 فیشە، چەکی ئاگرین قەبارە 39 و 7.62،( 120) فیشەک”.
راشیگەیاندووە، “پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دەسەڵاتی مۆڵەتدان لە وەزارەت یان بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت، بۆ پێدانی مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتن یان هەردووکیان بەیەکەوە کە هۆکار و پاساوی رەوای داواکردنی مۆڵەتەکە لە خۆگرتبێت”.
بۆ ئەو کەسانەی داوای مۆڵەتی چەک هەڵگرتن دەکەن، روونکراوەتەوە، دەبێ شەش وێنەی رەنگاوڕەنگ، کارتی نیشتمانی عێراقی و ناسنامەی باری شارستانی، هێنانی بەڵگەنامەی (عدم محکومیە) لە بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانی تاوان، وەرگرتنی رەزامەندی ئاسایش، هێنانی راپۆرتی پزیشکی لەلایەن لێژنەی پزیشکی فەرمی کە بیسەلمەنێنێت شیاوە بۆ دەستداری و هەڵگرتنی چەک لە رووی دەروونی و جەستەیی و عەقڵییەوە”.