وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێک لەبارەی بازاڕی چەکفڕۆشان دەردەکات

وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێک لەبارەی بازاڕی چەکفڕۆشان دەردەکات

شوبات 15, 2023 16:17
وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێک لەبارەی بازاڕی چەکفڕۆشان دەردەکات
0

لایک

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، بەمەبەستی رێكخستنی بواری چەک و بە سیستەمكردنی بازاڕەكانی بازرگانیی چەک و رێكخستنی كاری كۆمپانیا ئەمنی و راهێنەرییەكانی ئەو بوارە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، رێنماییەکی تایبەتی دەركردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا، بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێبوونی یاسای چەک و یاسای كۆمپانیا تایبەتییە ئەمنییەكان، لە رێنماییەكەدا بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ هاتووە، کە دەبێت كۆمەڵگەیەكی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی چەكی ئاگرین دابمەزرێت، ئەوەش كۆمەڵێك كاری وەكو كڕین و فرۆشتن و چاككردنەوەی چەک و شوێنی راهێنان لەسەر چەک و سەنتەری مەشقی كارمەندانی كۆمپانیای ئەمنی لەخۆ دەگرێت و لەژێر چاودێریی حكومەتدا دەبێت.

بەگوێرەی رێنماییەکەی وەزارەتی ناوخۆ، جگە لە تایبەتمەندییە گرنگەكانی كۆمەڵگەی چەكفرۆشی و مەشق و راهێنان، بەپێی ستانداردەكانی رووبەر و بیناسازی و بنەماكانی سەلامەتی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دیاریدەكات.

هەروەها كۆمەڵگەكە بە سیستەمێكی ئەلیكترۆنییەوە بە وەزارەتی ناوخۆوە پەیوەست دەكات و زانیارییەكانی تایبەت بە كڕین و فرۆشتنی چەک و راهێنان و مەشقپێكردنی كارمەندی كۆمپانیای ئاسایشپارێز، لە ژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆدا دەبن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، کە لە رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆدا، رەچاوی مەرجی تایبەتمەندیی ئەو كۆمەڵگانە لەڕووی رووبەر، بینا، سەلامەتیی ئەمنی، خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان، رووبەری سەوزایی، كافتریا و شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێلیان بۆ كراوە، كە بە هاوبەشیی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بەڕێوەدەبرێن.

میدیا و زانیاری راشیگەیاند، ئامانجی حكومەتی هەرێم لەو رێنماییەدا، لەلایەكەوە جڵەوكردن و رێكخستنی كڕین و فرۆشتنی چەكە بە رێگەی یاسایی و قەدەغەكردنی بەكارهێنانی چەكە لە دەرەوەی یاسا؛ لەلایەكی دیكەشەوە دەیەوێت چاڵاكییە ئەمنییەكانی كۆمپانیاكانی پاراستنی ئاسایش، بە شێوەیەک رێكبخات كە بەپێی پێوەرە دروستە نێودەوڵەتییەكان و لەژێر چاودێریی حكومەتدا بن.

En az 10 karakter gerekli