وەزارەتی ناوخۆ ئاماری هەفتەیەکی دەرکردنی پاسپۆرت و کارتی زانیاری و نشینگەی بڵاوکردەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • وەزارەتی ناوخۆ ئاماری هەفتەیەکی دەرکردنی پاسپۆرت و کارتی زانیاری و نشینگەی بڵاوکردەوە

وەزارەتی ناوخۆ ئاماری هەفتەیەکی دەرکردنی پاسپۆرت و کارتی زانیاری و نشینگەی بڵاوکردەوە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
وەزارەتی ناوخۆ ئاماری هەفتەیەکی دەرکردنی پاسپۆرت و کارتی زانیاری و نشینگەی بڵاوکردەوە
0

لایک

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لەماوەی هەفتەیەکدا، لە رێکەوتی 5ـی ئابی 2022 تاکو 11ـی ئابی 2022، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرتی هەرێمی کوردستانی عێراق 3 هەزار و 567 پاسپۆرتیان داوەتە هاووڵاتییانی هەرێم، کە هەزار و 512 پاسپۆرتیان لە پارێزگای هەولێر(ئەربیل) و 886 پاسپۆرتیان لە پارێزگای سلێمانی و 441 پاسپۆرتیان لە پارێزگای دهۆک و 207 پاسپۆرتیان لە پارێزگای هەڵەبجە و 196 پاسپۆرتیان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و 127 پاسپۆرتیشیان لە نووسینگەی چەمچەماڵ بوون.

دەرکردنی پاسپۆرت

لەماوەی ئەو هەفتەیەدا 6 هەزار و 71 هاووڵاتی پاسپۆرتی نوێیان دەرکردووە کە 3 هەزار و 649 پاسپۆرتیان لە پارێزگای هەولێر و هەزار و 915 پاسپۆرتیان لە پارێزگای سلێمانی و 522 پاسپۆرتیان لە پارێزگای سلێمانی و 248 پاسپۆرتیان لە پارێزگای هەڵەبجە و 321 پاسپۆرتیان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و 306 پاسپۆرتیان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و 110 پاسپۆرتیان لە نووسینگەی چەمچەماڵ بوون.

دەرکردنی کارتی زانیاری

لەماوەی ئەو هەفتەیەدا 635 کارتی زانیاری نوێ دراوەتە هاووڵاتییان کە 47 کارتی زانیارییان لە پارێزگای هەولێر و 375 کارتی زانیارییان لە پارێزگای سلێمانی و 213 کارتی زانیارییان لە پارێزگای دهۆک بوون.

هەروەها 372 کەسیش کارتی زانیاری خۆیان جیاکردووەتەوە کە 232 کەسیان لە پارێزگای هەولێر و 137 کەسیان لە پارێزگای سلێمانی و 3 کەسیان لە پارێزگای دهۆک بوون و 232 کەسیش کارتی زانیاری خۆیان گواستووەتەوە کە 131 کەسیان لە پارێزگای هەولێر و 77 کەسیان لە پارێزگای سلێمانی و 24 کەسیان لە پارێزگای دهۆک بوون.

دەرکردنی کارتی نشینگە

لە ئێستا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیى بیانی بە مەبەستی کارکردن روویان لە هەرێم کردووە و رۆژانەش ئەو ژمارەیە زیاد دەبێت کە بەپێی یاسای وەزارەتی ناوخۆ پێویستە ئەو کەسانەی کە دەمێننەوە کارتی نشینگە دەربکەن. بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆ لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا هەزار و 504 کەس کارتی نشینگەیان دەرکردووە کە هەزار و 140 کەسیان لە پارێزگای هەولێر و 205 کەسیان لە پارێزگای سلێمانی و 146 کەسیان لە پارێزگای دهۆک و 4 کەسیان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و 9 کەسیشیان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوون. هەروەها هەزار و 416 کەسیش کارتی نشینگەی خۆیان نوێ کردووەتەوە کە هەزار و 124 کەسیان لە پارێزگای هەولێر و 201 کەسیان لە پارێزگای سلێمانی و 71 کەسیان لە پارێزگای دهۆک و 11 کەسیان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و 9 کەسیشیان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوون.